داواکاری گشتی تورکیا داوایکردووە هەردوو هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ دەیان ساڵ زیندانی بکرێن، بە تاوانی پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردسـتانەوە (پەکەکە).
داواکاری گشتی ئەمڕۆ سێشەممە سکاڵای خۆی تۆمارکردووە و تیایدا داوایکردووە سەڵاحەدین دەمیرتاش هەتا 142 ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ هەتا 83 ساڵ حوکمی زیندانی بدرێن.
سەرەتای مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە لەگەڵ 9 پەرلەمانتاری دیکەی سەر بە پارتەکەیان دەسـتگیرکران بە تاوانی وەکو وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، پـڕۆپاگەندە بۆ پەکەکە و هاندانی خەڵکی بۆ ڕق و کینە و پەیوەندیکردن بە پەکەکەوە و هەوڵی تێـکدانی یەکپارچەیی خاکی تورکیا، بۆیە داواکارانی گشتی لە دیاربەکر و هەکاری و وان و شەرناخ و بینگۆل داوای دەسـتگیرکردنیان کردوون.
جێی ئاماژەیە هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی 7 ی مانگی شەشی ساڵی 2015 ، لە کۆی 550 کورسیـیەکەی پەرلەمانی تورکیا 80 کورسی بردەوە، بەڵام ئاکەپە لەگەڵ پارتەکانەدا ڕێکنەکەوت بۆ پـێکهێنانی حکومەت، بۆیە لە 1 ی مانگی یازدەی 2015 هەڵبژاردنەکان دووبارەکرانەوە و ژمارەی کورسیـیەکانی هەدەپە بۆ 59 دابەزین.
هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2014 ، سەڵاحەدین دەمیرتاش نزیکەی 4 ملیۆن دەنگی بەدەسـتهێنا کە دەکاتە 9.76% لە کۆی دەنگدەران. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە دەنگی 21 ملیۆن کەس کە 51.79% ی دەنگدەرانی دەکرد پـۆستی سەرۆکایەتی بردەوە.