سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێڕاق و هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە هەرچی دەوڵەتە زل هێزو ناوجەییەکانی عێڕاق، بە وردی دەڕواننە بارودۆخەکانی پاش نەمانی داعش. تورکیا و وڵاتانی دی وەکو عێراق و ئێران دەترسن لەوەی کورد دەسکەوتی زیاتر بەدەست بهێنێت لەوەی کە ئێستا هەیەتی.
لەو بارەیەوە نوسەر و شارەزا لە بواری تورکیا سابر محەمەد دەڵێت "بەردەوام ئەو سێ ولاتە بە غیابی سوریاش، چەند کۆبوونەوەی ئاشکرا دەکەن، دوو ئەوەندەش کۆبوونەوەی نهێنی بە ئەنجام دەگەیەنن، هەمووشی بۆ یەک مەبەستە، کورد بە مەترسی دادەنێن بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان بە نیازی ریفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەرخۆبوون لە ئارادایە."
سابیر لای وایە کورد لە بارودۆخێکدایە ناتوانن پاشگەز بنەوە لە ریفراندۆم، ئەگەر کاری واش بکەن ئەوا"کورد هەموو سەنگێکی لەدەست دەدات"، هەروەها باس لەوەش دەکات کە کورد دەبێت شتێکی دەسکەوێت وئەلتەرناتیڤی زۆری بەدەستەوەیە "کورد دەتوانێت ئەو فیدراڵییەتەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بچەسپێنێت کە دەستوریش نەتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە، سیفەتێکی رەسمی نێودەوڵەتی بداتێ، ئەوسا با ریفراندۆمیش نەکات."
سەبارەت بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیاش مەولود چاوش ئۆغڵو کە باسی لەوە دەکات بە نیازن داوا لە حکومەتی هەرێم بکات لە ریفراندۆم پەشیمان ببنەوە، سابیر وتی "سیاسەتی تورکیا سیاسەتێکی جێگیر نییە و بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە و لەسەر شتێ نامێننەوە."