عەباس زەندی خەڵکی کوردستانی ئێرانە. ماوەی شەش ساڵە لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەی لە وڵاتی تورکیا پەنابەرن.
زەندی ئەندازیاری خوێندووە و مامۆستای وەرزشی کۆنگفۆش بووە لە ئێران، هاوکات چالاکێکی مەدەنی و کولتوری بووە و هەوڵی داوە لە ڕێگای کارەکانییەوە خزمەتی زمانەکەی خۆی بکات.
ئەو چەند کتێبی چیرۆکی منداڵانی بە کوردی نووسیوە. ئەم چالاکوانە مەدەنییە لە کۆتاییدا لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە بە هۆی چالاکییەکانییەوە تووشی کێشە و گرفت دەبێتەوە و تەنانەت زیندانی دەکرێت.
زەندی لە ئەنجامدا لە ترسی ژیانی خۆی و خێزانەکەی ناچار دەبێت وەک پەنابەر ڕوو لە تورکیا بکات.
ئەم خێزانە لە وڵاتی تورکیاش لە دوای ئەوەی کە کچەکەیان لە کێبڕکێی وەرزشە جیهانییەکاندا بەشداری دەکات و دەتوانێت لە تەمەنی نەوجەواناندا پلەی یەکەم بە دەست بهێنێت دەبێتە جێگای سەرنجی میدیاکانی تورکیا، بەڵام دەڵێن بە هۆی ناوی منداڵەکەیانەوە کە ناوی "کوردستانە" تووشی کێشە و گرفت بوونەتەوە و لەم ڕۆژانەشدا بە ژیانێکی قورس و ناخۆشدا تێدەپەڕن.
لەم وتووێژەدا بۆ دەنگی ئەمریکای بەشی کوردی عەباس زەندی باس لە دۆخی ژیانی پەنابەران و خۆی و خێزانەکەی دەکات لە وڵاتی تورکیادا.
ئەو لەم وتووێژەدا باس لەوە دەکات کە لە دوای بڕیارەکانی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە پەنابەران و سنووردارکردنی هاتۆچۆکان، دۆخی پەنابەران ڕووی لە خراپتر بوون کرد.
هەروەها ئەو دەشڵێت لە ئیستادا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانە ئابوورییەکانی وڵاتی تورکیاوە، دۆخی ژیانی و گوزەرانی پەنابەران زۆر بە قورسی تێدەپەڕێت و تەنانەت ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن.