Accessibility links

کۆمەڵێک زانیاری لەسەر هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تورکیا


سندوقەکانی دەنگدان لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا ڕۆژی یەکشەممە لە کاتژمێر 7 ی بەیانی و لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا کاتژمێر 8 ی بەیانی کرانەوە. دەنگدان لە 32 پارێزگای ڕۆژهەڵات کاتژمێر 4 ی دوانیوەڕۆ و لە 49 پارێزگای ڕۆژئاوا کاتژمێر 5 ی دوانیوەڕۆ کۆتایی دێت.

زیاتر لە 61 ملیۆن دەنگدەر لە 208,000 سندوقی دەنگدان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دەنگ دەدەن. 34 حزبی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن.

لە سەرانسەری تورکیادا 81 پارێزگا و 922 قەزا و 390 شارۆچکە و 18,257 گوند دەنگ دەدەن بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبەرە ناوخۆییەکانیان. 1,003 سەرۆکی شارەوانی لەسەر بنەمای پارێزگا و قەزا هەڵدەبژێردرێن، هەروەها 12,725 بەربژێر کە 653 بەربژێرییان سەربەخۆن، کێبڕکێ دەکەن. سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵ خزمەت دەکەن.

لە ئیستەنبوڵ 49 بەربژێر هەن و لە ئەنکەرە 24 بەربژێر.

لەو 49 بەربژێرە 22 بەربژێرییان ئەندامی حزبن و 27 بەربژێری دیکەیان سەربەخۆن، کێبڕکێی سەرۆکایەتی شارەوانی ئئیستەنبوڵ دەکەن.

ئەحمەد یەنەر سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بەبێ پچڕانی ' ئیفتار ' بەردەوام دەبێت و وتی " هەموو ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان پارێزراو و ئارام بن. "

هەر دەنگدەرێک کە لە تۆماری دەنگدەرانی بیانی تۆمار کراوە مافی دەنگدانی هەیە لە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و ڕیفراندۆم و لە سندوقەکانی دەنگدان کە لە نوێنەرایەتی و دەروازە گومرگییەکانی دەرەوە دادەمەزرێن. دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات ناتوانن لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دەنگ بدەن.

لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا جگە لەو کەسانەی کە بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایش، هیچ کەسێک ناتوانێت لە گوند و شارۆچکە و شارەکاندا ئەو چەکانە هەڵبگرێت کە لە ماددەی شەشەمی یاسای سزادانی ژمارە 5237 ی تورکیادا دیاری کراون.

لە ڕۆژی دەنگداندا ڕادیۆکان و سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن ناتوانن هیچ هەواڵ و پێشبینی و سەرنجێک لەسەر هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی تاوەکو کاتژمێر 6 ی ئێوارە بڵاوبکەنەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG