Accessibility links

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دوای سەرکەوتنی بەسەر ئەردۆغاندا ئاهەنگ دەگێڕێت


ڕۆژی دووشەممە بەربژێرەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و دەنگدەران ئاهەنگییان بە بۆنەی سەرکەوتنییان لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی وڵاتەکەدا گێڕا، ئەوەش ڕۆژێک دوای ئەوەی پارتەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەرامبەر پارتی گەلی کۆماری ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە لە هەڵبژاردنەکاندا.

موڕات ئاکگۆنی تەمەن 46 ساڵ کە خاوەنی کارێکی بچووکە لە ئیستەنبوڵ وتی " دەزانیت ئەو هەستە چۆنە کە خۆر هەڵدێت؟ ئێستا وەکو ئەوە وایە خۆری دووەم هەڵهاتبێت. ئێمە زۆر دڵخۆشین. پارتی جەهەپە لە شارە گەورەکانی وەکو ئیستەنبوڵ و ئەنقەرەش سەرکەوتنی بەسەر پارتی ئاکپارتی ئەردۆغاندا هێناوە.

لە کاتێکدا کە زۆربەی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، هێشتا ئەنجامی فەڕمی هەڵبژاردنەکان ڕانەگەیەندراون، پارتی گەلی کۆماری ( جەهەپە ) لە هەندێک لە شارە گەورەکاندا جارێکی دیکە سەرکەوتنی بە دەستهێنایەوە و لە هەندێکی دیکەیاندا بۆ یەکەمین جار سەرکەوتنی تێیاندا بەدەستهێنا.

پارتی جەهەپە لە کۆی 81 پارێزگادا لە 35 پارێزگادا سەرکەوتوو بوو، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) تەنها لە 24 پارێزگادا سەرکەوتووە و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم) کە نوێنەرایەتی کوردەکانی تورکیا دەکات 10 پارێزگای بردووەتەوە و پارتی ئیسلامی یەنیدین ڕەفەح لە دوو پارێزگادا سەرکەوتنی بە دەستهێناوە. پارتە ئیسلامییەکە نوێیە لەسەر شانۆی سیاسیی تورکیا و یارمەتیدەر بوو لە کەمکردنەوەی پشتیوانییەکان لە ئاکپارتی.

شارە گەورەکانی وەکو ئیستەنبوڵ و ئەنکەرە و ئادانە و بورسا و ئەنتاڵیا لە نێو ئەو شارانەدا بوون کە ڕۆژی یەکشەممە بەربژێرەکانی پارتی جەهەپەیان هەڵبژارد بۆ سەرۆکایەتیکردنی شارەوانییەکانییان.

چاودێران دەڵێن هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممە خراپترین شکستی ئەردۆغان بوون لە هەڵبژاردنەکاندا لەو کاتەوە کە لە ساڵی 2002 وە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.

زۆرێک هۆکاری شکستی پارتەکەی ئەردۆغانییان گەڕاندەوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسانی ئابووری بۆ لە سەدا 67 و دابەزینی بەرچاویی نرخی لیرەی تورکی.

زوڵفیە دورمازی تەمەن 28 ساڵ لە ئیستەنبوڵ وتی " نرخی هەموو شتێک بەرز بووەتەوە." وتیشی وەڵامی حکومەت " بێبەزەییانە " بووە لە ڕێی " باج دانان لەسەر هەموو شتێکەوە."

وتی " من دایکی دوو منداڵم، دەتوانین چی پێشکەشی منداڵەکانمان بکەین؟ نانییان بۆ بکڕین؟ دەبینیت چەند گران بووە، دەمانەوێت ئەردۆغان دووربکەوێتەوە."

سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ کە لە ساڵی 2019 ەوە بووەتە پاڵەوانی پارتی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیادا و جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا سەرکەوتنی بە دەستهێنا، ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە لە ساڵی 2028 دا خۆی بۆ سەرۆکایەتی تورکیا کاندید بکات.

ئیمامئۆغلۆ وتی " دەنگدانەکە کۆتایی وەرینی دیموکراسییە لە تورکیادا و دووبارە سەرهەڵدانەوەی دیموکراسییە." وتیشی سەرکەوتنەکە " گرنگییەکی ئێجگار زۆریی هەیە."

سۆنەر کاگاپتای لە ناوەندی واشنتن لە ئێکس نوسیویەتی " ئیمامئۆغلۆ ڕکابەری ئەردۆغانە لە هەڵبژاردنی نیشتیمانی دواتردا."

وتی " سەرۆک شارەوانییەکەی ئیستەنبوڵ دەرفەتێکی هەیە ببێتە سەرۆکی تورکیا. تورکیا هەرگیز شکست ناهێنێت لەوەی توشی سەرسوڕمانت بکات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG