فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی کەمپی ڕۆستەم جودیان کرد لە مەخمور و بەپێی کاربەدەستانی کەمپەکە ژنێک و منداڵێک برینداربوون و زیانی ماددیش بەر بە 10 ماڵی نێو کەمپەکە کەوتووە، قایمقامی قەزای مەخموریش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەندین خاڵی گەریلاکان لەو ناوچەیە هەن بۆ پاراستنی کەمپەکە.
حاجی کاچان هاوسەرۆکی کەمپی ڕوستەم جودی لە مەخمور بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئەمرۆ کاتژمێر 8:20 کاتێک خڵکی لەناو خەودا بوون هێرشی سەر ناو کەمپەکە کراوە بەڵام هیچ بریندارێکی گرانی لێنەکەوتووەتەوە تەنها ژن و منداڵێک برینداربوون و زیانی ماددی بەر نزیکەی 10 ماڵ کەوتووە، هیچ هێزێکی گەریلا لەناو کەمپەکەدا نییە و بە دەیان جار بە بەڵگەوە ئەوەمان وتووە".
بەپێی سەرچاوەکان لە ماوەکانی ڕابردوودا کاتێک هێرشی بۆردومانی ئەو دەڤەرە و کەمپ و شاخە دەکرا کاربەدەستانی تورکیا ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە هێرشەکانیان بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە بووە.
لە لایەکی ترەوە ڕزگار ئیسماعیل قایمقامی قەزای مەخمور سەبارەت بەو هێرشە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " چەندین جارە ئەو هێرشانە دووبارە دەبنەوە بەشی زۆریشی لە نزیکی کەمپی پەنابەرانی کوردانی باکورە لەو دەشتە تا دەگاتە بنار و سەرچیاکە کەمپەکە لەوێیە و هێزەکانی گەریلاش بەشێکیان بۆ پاراستنی کەمپەکە لە ساڵی 2014 ەوە لەوێ نیشتەجێن، هەندێک جار لێدانەکان بۆ نزیک و ناو گەڕەکەکانی کەمپەکە بووە و هەندێک جاریش بۆ لای چیاکە بووە، گەریلاکان چەند خاڵێکیان هەیە کە واجیباتی تێدا دەگرن بۆ پاراستنی کەمپەکە".
هاوسەرۆکی کەمپی مەخموری تایبەت بە کوردانی تورکیا زیاتر گوتی " ساڵی 2014 کاتێک داعش هات گەریلا هاتنە چیای قەرەچۆغ بەڵام ئەو گەریلایانە هیچ پەیوەندیەکیان بە کەمپەکەوە نییە و ئەمە شتێکی شاراوە نییە کە گەریلاکان لەوێ هەن، لەناو کەمپەکە هیچ هێزێکی لەشکری نییە و میلـلەتی ئێمە هەمووی سڤیلە و بە دەیان جار وتوومانە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراقی هەر پێنج ساڵ جارێک دێنە کەمپەکە ناسنامە و پەنجەمۆر وەردەگرن و سەرژمێری دەکەن ئەمە شتێکی ئاشکرایە وەزارەتی کوچ و کۆچبەران و وەزارەتی ناوخۆ دەزانێت و شتی تر هەمووی دوورە لە ڕاستیەوە".
لە ماوەکانی ڕابردووش چەندین جار فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر ئەو دەڤەرە و زیانی گیانی و ماڵیشی لێکەوتووەتەوە.