Accessibility links

تورکیا و کورد و پەکەکە


پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە ) بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر کارگەیەکی بەرگریی لە ئەنکەرە ڕاگەیاند کە تێیدا پێنج کەس کوژران.

بەپێی دەزگای هەواڵی کوردی ئەی ئێن ئێف، پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر کۆمپانیای بەرگری تورکیای لە ئەنکەرە ڕاگەیاند. ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە " فەوجی نەمر " کە یەکەیەکی باڵی سەربازیی پەکەکەیە، بەرپرس بووە لە هێرشەکە، هێرشەکە وەکو تۆڵەیەک بووە لە " کۆمەڵکوژییەکانی " تورکیا و کارەکانی دیکەی لە هەرێمە کوردییەکاندا.

هێرشەکە بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوە هات کە باس لە ئەگەری ئازادکردنی سەرکردەی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان کرا بە مەرجی ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت. پەکەکە ڕەتی دەکاتەوە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەبێت.

پەکەکە ئامانجی چییە؟
لە تورکیا، گرژییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان تورک و کوردەکان پرسێکی دەیان ساڵەیە. کوردەکان داوای مافی زیاتری کلتوریی و سیاسییان کردووە لە دەوڵەتی تورکیا، هاوکات ئەنکەرە زۆر جار ئەم داواکارییانەی بە مەترسییەک بۆ سەر سەقامگیری نەتەوەیی داناوە.

نزیکەی لە سەدا 20 ی دانیشتوانی تورکیا کوردن. لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەژین بەڵام زیاتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادان.

لە تورکیا، دوو کارەکتەری سەرەکی نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی کوردەکان دەکەن: پارتی یەکسانی گەلان و پارتی دیموکراسی، یاخود پارتی دەم، کە سێیەمین گەورەترین پارتە لە پەرلەمانی تورکیادا، هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستانیش. پارتی دەم پابەندە بە چارەسەرێکی سیاسیی و ئاشتییانەوە، هاوکات پارتی کرێکارانی کوردستان چەکدارن و ئەندامەکانی تەکتیکی گەریلا بەکاردەهێنن.

پەکەکە لە ساڵی 1978 دامەزراوە و لە سەرەتادا ئامانجی ڕاستەقینەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بووە.لە ساڵی 1984 ەوە پەکەکە بەشداربووە لە ململانێیەکی چەکداریدا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا.

بەپێی چەندین زانایانی سیاسی، ئەم ململانێیە بە جەنگێک دادەنرێت کە چڕییەکەی کەمە. جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 40,000 هاووڵاتی سڤیل و سەرباز لە هەردوولاوە.

لە ساڵی 1995 ەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان هەوڵی سەربەخۆیی و مافی کلتوریی داوە بۆ کوردانی ناو تورکیا و دەستبەرداری داواکانی بووە بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئەوەش لە پێناو سیستمێکی حکومڕانی خۆجێییدا.

باوەڕوایە پەکەکە 60,000 ئەندامی هەبێت، بە شەڕکەر و لایەنگر و هاوسۆزەکانیشییەوە.

چیاکانی قەندیل لە باکووری عێراق بنکەی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکانییەتی. تورکیا زۆرجار بۆردومانی گروپە کوردییەکان دەکات لە عێراق و سوریادا.

بە تاوانکردنی سیاسەتی کورد

لە ماوەی 10 ساڵی ڕباردوودا، پارتی داد و گەشەپێدانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە شێوەیەکی بەرچاو هەوڵیداوە سیاسەتی کورد لە تورکیا بە تاوان ناودێر بکات.

پارتی دەم و فراکسیۆنەکانی دیکە پەیوەست بوون بە پەکەکەوە، بەڵام پارتی دەم بە فەڕمی هەوڵی چارەسەرێکی ئاشتییانە دەدات و خۆی بە دوور دەگرێت لە پەکەکە.

زۆرێک لە سیاسەتمەدارە کوردەکان، بە سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراسی یاخود هەدەپەشەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، بە تۆمەتی تیرۆر زیندانی کراون.

لە هەمان کاتدا هەندێک لە ئەندامانی هەدەپە پەیوەندی خێزانییان لەگەڵ پەکەکە هەیە، وەکو عومەر ئۆجەلانی برازای عەبدوڵا ئۆجەلانی دامەزرێنەری پەکەکە، هەدەپە دەڵێت ئەو پەیوەندییانە تاکەکەسین و ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکەی نین.

ئۆجەلانی سەرکردەی پەکەکە لە ساڵی 1999 ەوە لە زینداندایە.

لە هەمان ساڵدا سزای مەرگ بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندرا بە تۆمەتی خیانەت، بەڵام پێش جێبەجێکردنی سزاکە، تورکیا سزای مەرگی هەڵوەشاندەوە و ئۆجەلان لە ساڵی 2002 دا سزای زیندانی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرا.

بەڵام هێشتا لە زیندانیشەوە کاریگەریی هەیە لەسەر پەکەکە.

لە ڕابردوودا، چەندین هەوڵ دراون بۆ ئاشتی. بە تایبەتی لە ساڵەکانی یەکەمی فەرمانڕەوایی پارتەکەی ئەردۆغان پارتی داد و گەشەپێداندا، کوردەکان مافی نوێیان پێدرا، لەوانەش دەرفەتی خوێندن بە زمانی کورد و هەبوونی میدیای خۆیان بە کوردی.

بەڵام هێشتا ئاشتییەکی هەمیشەیی دروست نەبووە.

پێشتر لەم مانگەدا سەرکردەی ڕاستڕەوی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا دەوڵەت باخچەلی هەمووانی توشی سەرسوڕمان کرد کاتێک تەوقەی لەگەڵ نوێنەرانی پارتی دەمی لایەنگرانی کوردەکان کرد لە پەرلەمانی تورکیادا. دواتر وتی " ئەوە بە تەواوەتی ئاسایی بووە بۆ پارتێکی یەکگرتوو لە تورکیادا."

باخچەلی کە بە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەردۆغان دادەنرێت لە حکومەتە هاوبەشەکەدا لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێداندا، لە 15 ی مانگی 10 دا داوای لە ئۆجەلان کرد پەکەکە ڕازی بکات چەکەکانییان دابنێن. لە 22 ی مانگی 10 دا داوای لە ئۆجەلان کرد لە پەرلەمانی تورکیادا هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.

لە 24 ی مانگی 10 دا ئۆجەلان لە زیندانەوە وەڵامی دایەوە و وتی " من دەسەڵاتی تیۆری و کرداریم هەیە بۆ گۆڕینی ئەم پڕۆسەیە لە پڕۆسەیەکەوە کە لە ململانێ و توندوتیژییەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ پڕۆسەیەک کە لە یاسا و سیاسەتەوە سەرچاوەی گرتبێت."

چی لە پشت ئەمەوەیە؟
بەپێی شارەزایان، پەرەسەندنەکان لە ناوچەکەدا وایکردووە تورکیا ئاڕاستەکەی لەسەر پرسی کورد بگۆڕێت. بەڵام سەزین ئۆنی زانای سیاسیی پێی وایە کە هیچ " دەستپێشخەرییەکی ڕاستەقینەی ئاشتی " لەم هەنگاوانەدا بوونی نییە. وتی " ئامانجی سەرەکی، کەمکردنەوەی ئەو مەترسییەیە کە گروپە چەکدارییەکانی وەکو پەکەکە دروستییان کردووە."

ئۆنی باسی لە هۆکارێکی دیکەش کرد کە ئەوەش سنوورداریی ئابوورییەکەی ئێستای تورکیایە، وتی " تورکیا بنەمایەکی سیاسی و بنەمایەکی ئابووریشی بۆ پشتیوانیکردن لە جەنگێکی نوێ لە ڕووی داراییەوە نییە."

زانای سیاسیی ئەرین ئاکسۆیۆگلۆی ڕاوێژکاری پێشووی پەرلەمان هاوڕایە لەگەڵ ئەوەدا و دەڵێت " تورکیا جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بە هەڕەشەیەک دەبینێت و حکومەتەکەی دەیەوێت بزووتنەوەی کوردەکان بخاتە نێو تورکیایەکی گەورەترەوە و سەرجەم کارەکتەرە ناوخۆییەکان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە."

سیاسییەکی دیکەی پارتی داد و گەشەپێدان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکات دەڵێت دۆخە جیۆسیاسییەکە، تورکیای ناچار کردووە هەوڵی سیاسەتێکی ناوخۆیی یەکگرتوو بدات و ململانێکان لە نێو وڵاتەکەدا چارەسەر بکات.

بەڵام تەنها یەک ڕۆژ دوای داواکەی باخچەلی ، هێرشێک کرایە سەر کۆمپانیای بەرگری توساسی تورکیا، ئەوەش بووە هۆی هێرشی ئاسمانی زیاتر بۆ سەر ناوچە کوردییەکان لە دەرەوەی تورکیادا. زۆرێک لە تورکیاییەکان پێیان وایە هێرشەکە مەبەست لێی تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی بووە.

سەرچاوە/ئازاژنسی دۆیچە وێڵ

XS
SM
MD
LG