دوابەدووای دەستبەسەرداگرتنی شاری عەفرین لە لایەن تورکیاوە، جموجۆڵی سەربازی سوپای تورکیا لە سنووری چیای برادۆست لە نێوان کوردستانی عێراق و تورکیا زیادی کردووە، ئەگەری هەیە تورکیا هێریش بکاتە سەر بنکەو بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانت (پەکەکە) لەو ناوچانەی ساڵانێکی زۆرە بەدەست پەکەکەوەن.
لەو بارەیەوە وتەبێژی باڵی سەربازی پەکەکە رۆڤان وڵات بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند "لەم هەفتەیە شەڕ لەسەر سنوور نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە دروست بووە،لە ناوچەی برادۆست، کاتێک ئەوان هاتونەتە پێشەوەو جموجۆڵیان بە هێزەکانیان کردووە، تورکیا لە دوری 5 کیلۆمەتر لە سنوورەوە سەنگەرەکانی قایم دەکات. شەڕ دروست بووە و چەندین سەرباز کوژراون، بەڵام نەهاتوونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە."
ئەو وتەبێژەی پەکەکە باس لە زیادبوونی جموجۆڵی سەربازی سوپای تورکیا دەکات لەو سنوورە و دەشڵێت "چاومان لەسەر هەموو ئەگەرەکانە، ئامادەین بۆ بەرگریکردن، بێنە ناو خاکی هەرێم رێگەیان لێدەگرین، مەسەلەکەش پەکەکە نییە، ئەوان دەخوازن خاکی کوردستان داگیربکەن."