Accessibility links

ئەردۆغان بە نیازە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بانگهێشتی تورکیا بکات


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕەنگە بانگهێشتی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بکات بۆ تورکیا، ئەوەش بە نێوەندگری ڕووسیا.

ئەردۆغان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند " ئێمە پێکەوە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا، ڕەنگە بانگهێشتێکمان بۆ بەشار ئەسەد هەبێت."

وتیشی " ئەگەر بەڕێز پوتن بتوانێت سەردانی تورکیا بکات ئەوا دەکرێت ئەمە سەرەتای پڕۆسەیەکی نوێ بێت. هەموو ئەو ساڵە کە لە سوریا تێپەڕیوە بە ئاشکرا بۆ هەمووانی دەرخستووە کە دەبێت میکانیزمێک بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی بدۆزرێتەوە."

لە ساڵی ڕابردووەوە پوتن سەردانێکی بۆ تورکیا دواخستووە، ئەوەش بەهۆی چەند کێشەیەکی نێوان دوو وڵاتەکەوە، لەوانەش دەستبەرداربوون لە بازرگانی و کێشەکانی سەبارەت بە حەواڵە بانکییەکان بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر خزمەتگوزارییە داراییەکان.

ئەردۆغان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگهایدا لە کازاخستان لەگەڵ پوتندا کۆبووەتەوە و سوریا یەکێک بووە لە بابەتەکانی گفتوگۆکانی نێوانییان.

هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان وتی ئامادەیە لەگەڵ سەرۆکی سوریادا قسە بکات، ئەسەد ئاماژەی بەوە داوە کە دەستبەرداری هەندێک لە مەرجە پێشوەختەکانی بووە، لەوانەش کشانەوەی تەواویی هێزەکانی تورکیا لە باکووری سوریا.

سەرچاوەکانی نزیک لە بابەتەکەوە بە چاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان وتووە کە هەوڵە نێوەندگرییەکانی عێراق بە سەرکردایەتی سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی بوونەتە هۆی ڕازیکردنی حکومەتەکەی ئەسەد تاوەکو پەیوەندی بە تورکیاوە بکات و بەرەوپێشچوونی گەورەیان کردووە.

بەرپرسێکی باڵای ئێرانیش مانگی ڕابردوو بە هاوتاکانییان لە تورکیا وتووە کە ئەوانیش هەوڵ دەدەن وابکەن دیمەشق مەرجە پێشوەختەکانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا لاببات.

ئەنکەرە پێی وایە ئێستا کاتی ئەوەیە لەگەڵ دیمەشقدا قسە بکرێت بۆ کارئاسانیکردن بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سوریایی لە تورکیا و دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەک دژی هێزە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

بەڵام بەرپرسانی تورکیا دەزانن کە ئەم هەوڵانە کاتێکی زۆر زۆرییان دەوێت تاوەکو سەرکەوتوو بن و ئاسانیش نابن.

ئەردۆغان وتی " ئەوە گرنگە بۆ سوریا کە ژێرخانەکەی لە ناوچووە و گەلەکەی پەرش و بڵاوبوونەتەوە، بۆ ئەوەی بێتەوە سەر پێی خۆی و کۆتایی بە ناسەقامگیری بهێنێت."

وتیشی " کەش و هەوای ئاشتی لە سوریا پێویستە بۆ گەڕانەوەی ملیۆنان کەس بۆ سوریا کە بە سەرانسەری وڵاتانی دیکەدا پەرش و بڵاوبوونەتەوە."

وتی " ئێمە هەمیشە دەستی دۆستایەتیمان بۆ سوریای دراوسێمان ڕاکێشاوە و بەردەوامیش دەبین لەوە."

لە ساڵی 2011 دا شەڕی ناوخۆی سوریا هەڵگیرسا، تورکیا پشتیوانییان لە گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کرد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەددا بڕی، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەردۆغاندا هەبوو.

بەڵام دواتر ڕێکخراوی داعش کۆنتڕۆڵی چەندین ناوچەی سوریای کرد و ڕووسیاش هاتە ناوەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئەسەد، تورکیا لە ساڵی 2016 دا ئامانجەکەی لە سوریا گۆڕی.

ئەنکەرە دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر هێزە کوردییەکان لە باکووری سوریا کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێکراوە لە شەڕی دژ بە داعشدا، شارە کوردییەکانی وەکو عەفرین و ئەلباب و ئازازی کۆنتڕۆڵ کرد، دواتر فراکسیۆنە چەکدارییەکانی دیکەی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.

XS
SM
MD
LG