Accessibility links

ئەردۆغان بانگهێشتی ئەسەد دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی یەکشەممە گوتی تورکیا بانگهێشتی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هردوو وڵاتی دراوسێ.

ئەردۆ‌غان وتی " بانگهێشتی خۆمان ئاڕاستەی ئەسەد دەکەین، ئێمە دەمانەوێت بەم بانگهێشتە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا بگەڕێنینەوە بۆ هاوشێوەی پەیوەندییەکان لە ڕابردوودا. بانگهێشتەکەی ئێمە دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت."

لە ساڵی 2011 دا دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا، تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا پچڕاند، تورکیا لە شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانی لە گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە حکومەتی سوریا کردووە.

هەروەها چەندین هێرشی لەودیوی سنوورەکەوە کردووەتە سەر هێزە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها " ناوچەیەکی پارێزراویی " لە باکووری سوریا دروست کردووە و هێزەکانی تێدا جێگیر کردووە.

ئەردۆغان وتیشی ئەنکەرە لە بەرامبەر هەر هەنگاوێکی ئەرێنی دیمەشقدا هەنگاوێکی ئەرێنی دەگرێتەبەر، وتیشی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆک وەزیری عێراق دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کارئاسانیکردن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریادا.

وتی " ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێک کە ئەگەر بەشار ئەسەد هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان بنێت لەگەڵ تورکیادا ئەوا ئێمە بەرەو ئەو هەنگاو دەنێین."

بەڵام بەرپرسانی سوریا چەندین جار وتوویانە هەر ئاساییکردنەوەیەک لەگەڵ تورکیادا تەنها لە کاتێکدا دێت دوای ئەوەی تورکیا ڕازی دەبێت بە کشاندنەوەی سەرجەم هێزەکانی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG