Accessibility links

تورکیا دادگایـیکردنی زیاتر لە 200 کەس بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو دەسـتپـێدەکات


دادگایـیکردنی 221 کەس ئەمڕۆ دووشەممە لە تورکیا دەسـتیپـێکرد، ئەمەش بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016.

دانیشتنەکە لە هۆڵێکی نزیک ئەنکەرە بەڕێوەچوو کە تایبەت بۆ دادگایـیە قورسەکانی هەوڵی کودەتاکە دانراوە.

لەو 221 کەسە تەنها 12 کەسیان کەسی سیڤیلن و ئەوانی دیکە لەشکرین. لە نێو ئەو سیڤیلانەی دادگایی‌دەکرێن فەتحوڵڵا گولەنە، ئەوەی تورکیا بە نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتاکە ناودێری دەکات. گولەن لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمەریکا دەژی و بە بەبێ ئامادەبوونی لە دادگاکە دادگایی دەکرێت.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکانی حکومەتی تورکیا لە ئاکامی هەوڵی کودەتاکە نزیکەی 250 کەس کوژران و هەزاران کەسیش برینداربوون. بۆیە بەشێکی زۆریان ڕەنگە سزای زیندانی هەتاهەتایی بدرێن، بەو پـێیەی سزای لەسێدارەدان لە تورکیا نەماوە.

یەک لەو ئەفسەرە باڵایانەی دادگایی دەکرێت جەنەڕاڵ ئەکین ئوزتورک فەرماندی پـێشووی هێزی ئاسمانی تورکیایە. ناوبراو بە توندی ڕەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە هەوڵی کودەتاکەوە هەبووبێت.

XS
SM
MD
LG