دادگای تاوانە قورسەکانی شاری موش بڕیاری دا ڕۆژنامەوان ئیدریس سایلجان 4 ساڵ زیندانی بکرێت بە تۆمەتی پـرۆپاگەندە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.
دادگایـیکردنی ئەم ڕۆژنامەوانەی ئاژانسی دەنگوباسی میزۆپۆتامیا MA ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو لەسەر ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی کراوە پاش ئەوەی لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو لە شاری ئەدرنەی باکوری ڕۆژئاوای تورکیا دەستگیرکرا لەو کاتەی چووبوو بۆ ڕووماڵکردنی هەوڵی بە کۆمەڵی پەنابەران بۆ چوونە ناو خاکی یۆنان.
ڕۆژنامەوان ئیدریس سایلجان پاش دادگایـیکردنەکەی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی ساڵی 2016 بە هەمان تۆمەت حوکمدرا و زیندانیکرا، وە ئەمڕۆش دادگا گوێی لە داکۆکی خۆی و پارێزەرەکەی نەگرت و جارێکی دیکە بەو تۆمەتە حوکمی زیندانی دراوەتەوە.
گوتیشی دەسەڵاتداران ئەم جۆرە تۆمەتانە وەک چەکێک لە دژی ڕۆژنامەوانانی کورد بەکاردەهێنن و دادگاکانیش بەپـێی فەرمانی پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار بڕیار دەدەن و ئەمەش هۆکارەکەیە کە دادگا ئەمڕۆ ئامادە نەبووە گوێ لە قسەکانی بگرێت.
باسی لەوەش کرد کەیسەکەی دەخاتە بەردەم دادگای پـیاداچوونەوە هەتا بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
ئیدریس سایلجان لە 17 ی مانگی دەی ساڵی 2016 بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان لە لایەن دادگای تاوانە قورسەکان حوکمی 8 ساڵ و 3 مانگ زیندانی درا. بەڵام دوای بەسەربردنی زیاتر لە 3 ساڵ لە زیندان لە 27 ی مانگی دەی ساڵی 2019 ئازادکرا بەپـێی بڕیاری دادگای پـیاداچوونەوەی ئەرزڕوم.