Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تورکیای پاش 5 ساڵ لە کودەتا سەرنەگرتووەکە


سەدان کەس بڕیاری زیندانیکردنی هەتا هەتاییان لەسەر دراوە لە پەیوەندی بە کودەتا سەرنەگرتووەکەی ساڵی 2016وە
سەدان کەس بڕیاری زیندانیکردنی هەتا هەتاییان لەسەر دراوە لە پەیوەندی بە کودەتا سەرنەگرتووەکەی ساڵی 2016وە

5 ساڵ لەمەوبەر هەوڵێکی سەرنەگرتوو درا بۆ کودەتا دژ بە حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە تورکیادا و لەم 5 ساڵەی ڕابردوودا سەدان و بگرە زیاتریش، فرمانی دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی بە کۆمەڵ دراون لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بۆ ئەوانەی وەک ئانکەرە دەڵێت دەستیان هەبووە یان بەشداربوون لەو هەوڵە سەرنەگرتووەی کودەتاکەدا، ئەمە بێ لەوەی دەیان کەسیش کوژراون.

هەر زووبەزوو دەسەڵاتدارانی تورکیا، فەتحوڵا گولەن، کەسایەتی ناوداری ئاینیی وڵاتەکەیان گوناهبارکرد بەوەی کەسی یەکەمی ئەو کودەتایە بووە.

گولەن، دۆست و هاوپەیمانێکی نزیکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوو و لە ئەمەریکا نیشتەجێیە، نکوڵی دەکات لەوەی هیچ دەستێکی هەبووبێت لەو هەوڵی کودەتایەدا.

زۆرێک لە شیکەرەوەی سیاسی دەڵێن دەسەڵاتدارانی تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدانی وڵاتەکە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش هەلومەرجەکانی پاش کودەتاکەیان قۆزتۆتەوە بۆ لێدانی نەیارەکانیان و بەتایبەتیش لایەنگران و هاوسۆزانی بزووتنەوەکەی فەتحوڵا گولەن کە بە "بزووتنەوەی فەتۆ" ناسراوە لە تورکیادا. نە هەر ئەوەندە بەڵکو وەک دەگوترێت، حکومەتی تورکیا بە بیانووی ئەو هەوڵە سەرنەگرتووەی کودەتاکەی 5 ساڵ لەمەوبەر کرا، ژمارەیەک کودەتای گەورەتری سەرکەوتووانەی کردووە بەسەر ئەو دامەزراوانەی لە تورکیادا بە دامەزراوەی نیشتمانی ناودێر دەکرێن.

میوانی بەرنامە:
هێژا دڵشاد، نوسەر و ڕۆژنامەوانی تایبەت بە تورکیا

ئەڵبەت مێژووی دەوڵەتی تورکیا پڕە لە کودەتا و لەشکری تورکیا بەشی شێری ئەو کودەتایانەی بەردەکەوێت؛ وەک شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن، پێدەچێت لە هەوڵی کودەتاکەی 5 ساڵ لەمەوبەری تورکیادا لایەنێکی دیاریکراوی ناو لەشکر پێی هەستابێت، چونکە بەر لە هەوڵی کودەتاکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە ساڵی 2003وە لە تورکیادا لە دەسەڵاتدایە، گۆڕانکاری لەناو لەشکردا کردووە و نەیارانی خۆی لەو دامەزراوە گرنگەی تورکیادا دوورخستۆتەوە و کەسانی لایەنگری خۆی لە جێیان داناوە و جومگە هەستیارەکانی ناو ئەم دامەزراوەیەی داوتە دەستیان.

هاوکاتی ئەم ڕووداوانە خەڵکێکی زۆر لە تورکیادا ڕژانە سەر شەقامەکان وەک میدیاکانی سەر بە حکومەتی تورکیا ئاماژەیان پێدەکرد "بۆ پشتیوانی لە حکومەتەکەی ئەردۆغان بووە" بەڵام زۆرێک لە چاودێر جەختیان دەکردەوە لەوەی "بەشێکی بەرچاوی ئەوانەی چووبوونە سەر شەقامەکان، هێندەی ئەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەهەندە لەشکرییەکەی کودەتاکە بووە، هێندە بۆ پشتیوانی لە ئەردۆغان و لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان نەبووە."

ئایا بەر لە ڕۆژی 15ی 7ی ساڵی 2016 زەمینەیەک هەبوو بۆ کودەتا کردن لە تورکیادا؟

ئایا کاردانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئاسایشییەکانی کودەتا سەرنەگرتووەکەی تورکیا چین کە بڵێین تا ئێستاش ئەو کاریگەرییانە هەستیان پێدەکرێت؟

ئایا کودەتا سەرنەگرتووەکەی 5 ساڵ لەمەوبەری تورکیا، چەندێک توانیویەتی ئۆپزسیۆنەکانی تورکیا بخاتە بەردەم پڕۆژەی خوێندنەوەی نوێ بۆ ئایندەی تورکیا؟

هێژا دڵشاد، نوسەر و ڕۆژنامەوانی تایبەت بە تورکیا، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:14 0:00


XS
SM
MD
LG