Accessibility links

سەرۆکی کریپتۆی تورکیا سزای یازدە هەزار و 196 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت


دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵوی تورکیا بڵاویکردەوە دامەزرێنەری کریپتۆی تورکیا کە لەگەڵ دوو براکەیدا هەڵات بۆ ئەلبانیا، سزای 11,196 ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.

لێکۆڵەرەوان داوایان کردووە سەرۆکی ثۆیدێکس فاروق فاتیح ئۆزەری تەمەن 20 ساڵ سزای 40,562 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێندرێت، ئەوەش بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و ساختەکردن و دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تاوانکاری.

ئەنادۆڵو بڵاویکردەوە ئۆزەر لە دادگادا وتوویەتی " ئەگەر ڕێکخراوێکی تاوانکاریم دروست بکردایە، ئەوا بەو نەزانینە ڕەفتارم نەدەکرد."

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا بڵاوییان کردەوە، دوو براکەشی، سەراپ و گوڤین، هەمان سزایان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش دوای دادگاییەکی کورت کە ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچووە.

تورکیا بەوە ناسراوە کە سزای زیندانیکردنی زۆر دوورودرێژ دەسەپێنێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2004 دا سزای مەرگی هەڵوەشاندەوە، لە پێناو ئەوەی یارمەتی هەوڵەکانی بدات بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێتی ئەوروپاوە، ئەو جۆرە سزایانە زیاتر و زیاتر دەردەکەون.

سەرەتا لە مانگی چواری ساڵی 2021 دا بوو کە باس لەوە کرا ئۆزەر لە تورکیا هەڵاتووە و 2 ملیار دۆلاریشی لە پارەی وەبەرهێنەکانیشی بردووە.

لێکۆڵەرەوان دەڵێن ئۆزەر کاتێک لە مانگی چواری ساڵی 2021 دا لە تورکیا هەڵاتووە، بڕی 250 ملیۆن لیرەی لە پارەی بەکارهێنەران گواستووەتەوە بۆ سێ هەژماری نهێنی، زۆربەی ئەو پارەیەش لە بانکێکی ماڵتادا داندراوە.

لە تۆمەتبارکردنەکەدا هاتووە دەڵێت ئۆزەر و براکانی 360 ملیۆن لیرەی کڕیارەکانییان خواردووە.

وەکو بەرگرییەک لە خۆیان لە بەرامبەر دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرەی تورکیدا، تورکەکان ڕوویان کردووەتە دراوە جیاوازەکانی کریپتۆ.

ئۆزەر دوای ئەوەی لە کاتی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ نەتەوە پەرستەکان و کەسایەتییەکانی لایەنگری حکومەتدا وێنەکانی بڵاوبووەوە، ناوبانگێکی زیاتری دەستکەوت. ساڵی ڕابردوو بەپێی مۆڵەتێکی نێودەوڵەتی دەستگیرکردنەوە لەلایەن ئینتەرپۆڵەوە لە ئەلبانیا دەستگیرکرا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG