Accessibility links

نرخی لیرەی تورکی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا زیاتر دادەبەزێت


ڕۆژی هەینی نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی، بەشێوەیەک نرخی 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 2 هەزار لیرە، ئەمەش پێش خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا.

تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا نرخی لیرەی تورکی بۆ لە سەدا 6.4 دابەزیوە. لە دوای خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیاوە پشک و قەواڵەی سەروەری ئەو وڵاتە کە بە دۆلار کڕیونی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیون، هاوکات تێچووی بیمەی دڵنیایی قەرزەکانی تورکیا بەرزبوونەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ئەردۆغان لە چاوپێککەوتنێکدا وتی لەمدواییانەدا وڵاتانی کەنداو پارەیان ناردووە بۆ تورکیا، بۆ ماوەیەکی کورت یارمەتیدەر بوون لە بوژاندنەوەی بانکی ناوەند و بازاڕەکانی تورکیادا، وتیشی بە نیازە لەگەڵ ڕابەرانی ئەو وڵاتانەدا کۆببێتەوە و سوپاسییان بکات.

لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیادا ئەردۆغان لە پێش ڕکابەرە سەرەکییەکەی، کەمال کلیچدارئۆغلۆوە هات، بەڵام نەیتوانی زیاتر لە سەدا 50 ی دەنگەکان بە دەستبهێنێت و هەڵبژاردنەکە یەکلایی بکاتەوە و پێویستی بە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان نەبێت ،کە بڕیارە 28 ی مانگی پێنج کە دەکاتە ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوەبچێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG