Accessibility links

بەڕیتانیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ تاڵیبان لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی لە ئەفغانستان ماونەتەوە


بەڕیتانیا دەستیکرد بە گفتوگۆکانی لەگەڵ تاڵیباندا سەبارەت بە " ڕێڕەوێکی پارێزراو " بۆ ئەو هاوڵاتیە بەڕیتانیانەی کە هێشتا لە ئەفغانستان ماونەتەوە.

حکومەتی بەڕیتانیا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت بەرپرسی باڵای مەدەنی بەڕیتانیا سایمن گاسی ڕەوانەی قەتەڕ کردووە تاوەکو لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیباندا کۆببێتەوە.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بۆوە دوای ئەوەی زۆرێک لەو ئەفغانیانەی کە یارمەتی هاوپەیمانێتی ناتۆیان داوە و شایستەن بگوازرێنەوە بۆ بەڕیتانیا، باوەڕ وایە لە ئەفغانستان جێهێڵدرابن.

وتەبێژی حکومەتی بەڕیتانیا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " گاس لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیباندا کۆدەبێتەوە بەمەبەستی تیشک خستنەسەر گرنگیی دامەزراندنی ڕێڕەوێکی پارێزراو لە ئەفغانستان بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی بەڕیتانی و ئەو ئەفغانیانەی کە کارییان لەگەڵدا کردووین."

زیاتر لە 8000 کەس لەو ئەفغانیانەی کە یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆیان داوە گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی ئەفغانستان. بەڵام بەڕیتانیا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بۆوە لەسەر ئەوەی نەیتوانیوە سەدان کەسی دیکە لەو ئەفغانیانەی یارمەتیان داون بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە.

وەزیرێکی بەڕیتانیا کە ناوی ئاشکرا نەکردووە بە ڕۆژنامەی سەندەی تایمزی وت باوەڕی وایە بەڕیتانیا دەیتوانی " 800 بۆ 1000 کەسی دیکە بگوازێتەوە."

حکومەتی بەڕیتانیا هەوڵیدا وادەی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ئەفغانستان درێژ بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا شکستی هێنا لە ڕازیکردنی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا.

دوای ئەوەی تاڵیبان لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵکردەوە، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی دەبێت تاڵیبان " بەپێی کردارەکانی بڕیاری لەسەر بدرێت نەک لێدوانەکانی "، هەروەها جەختی لەوە کردەوە بەڕیتانیا بەبێ بوونی پشتیوانی ئەمەریکا نەیدەتوانی لە ئەفغانستان بمێنێتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG