ڕۆژی هەینی دادگایەکی بەڕیتانیا سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر شۆفێرێکی ڤاندا سەپاند بەهۆی ئەوەی کۆچبەرانی لە ناو بەشە نهێنییەکانی ڤانەکەیدا شاردووەتەوە و کۆچبەرانیش لە کاتێکدا ئۆکسجینیان لێ بڕاوە هاواری یارمەتییان کردووە.
ئەنەس ئەلموستەفای تەمەن 43 ساڵ کە خەڵکی سوریایە، لە مانگی هەشتدا تۆمەتبار کرا بە تۆمەتی یارمەتیدان لە کۆچی نایاساییدا لە ڕێی هێنانی حەوت کۆچبەر بە قاچاخ لە ڕێی ڤانە تایبەتەکەیەوە.
شەش پیاو و ژنێک هەموویان خرابوونە شوێنێکی تەسکی گەرمەوە کە دەوترێت " شوێنەکە تەنها هێندەی فراوانی سنگی مرۆڤێک بووە."
حەوت کەسەکە لە کۆتایی مانگی دوودا دۆزرانەوە کاتێک کارمەندانی کەشتییەکی نێوان دیپی باکووری فەڕەنسا و نیوهاڤنی کەناری باشووری بەڕیتانیا گوێیان لە هاواری کۆچبەرەکان بوو لە ناو ڤانەکەدا.
تاوەکو ئەو کاتەی ڕزگارکران دووانییان لە هۆش خۆیان چووبوون، بە دادگا وتراوە هیچ کام لە کۆچبەرەکان ئاوییان پێنەدراوە.
لێکۆڵەرەوان وتییان کۆچبەرە گەنجەکان چاکبوونەتەوە لە وشکبوونەوە بەڵام پیاوێکییان توشی جەڵتەی دڵ بووە، ژنەکە گورچیلەی زیانی پێگەیشتووە و پیاوێکی دیکەش جەڵتە لێی داوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
دادوەر کریستین لاینگ وتی " خەڵکانی نائومێدبوو ئامادەن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ گەیشتن بە بەڕیتانیا، زۆرجار دەرەنجامی تراجیدیای لێدەکەوێتەوە. ئەوان سوودییان لێوەرگیراوە لەلایەن ئەو کەسانەوە کە قازانج لەم بازرگانییە وەردەگرن و گرنگی نادەن بە پارێزراوییان."
وەزیری ئاسایشی سنوور و پەنابەران ئانجێلا ئیگڵ وتی دۆسییەکە تیشکی خستەسەر پێویستییەکان بۆ لە ناوبردنی چەتە قاچاخچییەکان.
وتی " ئەم تاوانبارە دڕندەیە بۆ پارە ژیانی حەوت کەسی خستووەتە مەترسییەوە، ئەوە موعجیزەیە کە ئەوان هێشتا لە ژیاندا ماون دوای ئەو هەلومەرجەی کە خرابوونە ناوییەوە."
کۆچ پرسێکی سەرەکی بوو لە هەڵبژاردنەکانی مانگی حەوتدا کە تێیدا سەرکردەی پارتی کار کییەر ستارمەر سەرکەوتنی بە دەستهێنا.
یەکەم کاری ستارمەر هەڵوەشاندنەوەی پلانێکی حکومەتە پارێزگارەکەی پێشوو بوو بۆ ڕەوانەکردنەوەی کۆچبەران بۆ ڕواندا تاوەکو کۆچبەران ناچار بکەن لە باکووری فەڕەنساوە بە بەلەمی بچووک بە کەناڵی ئینگلیزدا نەپەڕنەوە.
ڕۆژی سێشەممە دوانزە کەس لە دەرەوەی کەناری باکووری فەڕەنسا گیانییان لە دەستدا کاتێک هەوڵیاندا بە کەناڵی ئینگلیزدا بپەڕنەوە.
بەڵام وەزیری پێشووی کۆچی حکومەتە پارێزگارەکەی پێشوو ڕۆبەر جێنریک پارتی کاری تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی " خۆیان داوە بە دەستەوە بۆ چەتە قاچاخچییەکان."
وتی " ئەوان ڕێگرییە باشەکەیان لە ناوبرد، کە سیاسەتی ڕواندا بوو."
سەرچاوە/ فرانس پرێس