Accessibility links

بەڕیتانیا دەڵێت فەرمانەکەی دادگای نێونەتەوەیی داد بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر ڕەفەح، حەماس بەهێز دەکات


حکومەتی بەڕیتانیا ڕەخنە لە دادگای نێونەتەوەیی داد دەگرێت سەبارەت بە فەرمانکردن بە ئیسڕائیل تاوەکو دەستبەجێ هێرشە سەربازییەکەی لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە ڕابگرێت و دەڵێت ئەو فەرمانە گروپی چەکداریی حەماسی فەلەستینییەکان بەهێز دەکات.

دادگای دادی نێونەتەوەیی کە باڵاترین دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ بیستنی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان، ڕۆژی هەینی فەرمانی بە ئیسڕائیل کرد هێرشەکەی بۆ سەر ڕەفەح ڕابگرێت، ئەمەش لە دۆسییەیەکدا کە ئەفریکای باشوور پێشکەشی کردبوو کە تێیدا ئیسڕائیلی بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی تۆمەتبار کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی " لەوێدا وەستانێک نیە لە شەڕەکەدا چونکە حەماس ڕێککەوتنێکی زۆر گونجاوی بارمتەکانی ئیسڕائیلی ڕەت کردەوە. دەستوەردانەکانی ئەم دادگایانە، بە دادگای دادی نێونەتەوەییشەوە، بۆچوونی حەماس پتەو دەکات لەسەر ئەوەی کە دەتوانێت بارمتەکان لای خۆی بهێڵێتەوە و لە غەززە بمێنێتەوە."

وتی " ئەگەر ئەوەش ڕووبدات ئەوا نە ئاشتی دەبێت و نە چارەسەری دوو دەوڵەتیش."

دادگای دادی نێونەتەوەیی یاخود دادگای جیهان، هیچ ئامڕازێکی لەبەردەستدا نییە بۆ سەپاندنی فەرمانەکانی، بەڵام فەرمانەکە تیشکی خستەسەر پەراوێزکەوتنی ئیسڕائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهۆی هەڵمەتە سەربازییەکەیەوە لە غەززە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 35,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG