سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن دەڵێت لەگەڵ سوید و فینلەندا ڕێکەوتنی نوێی واژۆ کردووە بۆ پتەوکردنی ئاسایشی ئەوروپا، هەروەها بەڵێنیدا پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکانی هەردوو وڵاتەکە بکات ئەگەر هاتوو هێرشیان بکرێتەسەر.
جۆنسن لەمیانەی سەردانەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا بۆ سوید و فینلەندا ڕێکەوتنە نوێیەکانی واژۆ کرد کە بەڕیتانیا وەکو " هەنگاوێکی گۆڕانکاری دەیانبینێت لە هاریکارییەکاندا لەڕووی ئاسایش و بەرگرییەوە."
جۆنسن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هێڵسنکی وتی " ئەوەی لە ڕێکەوتنەکەدا هاتووە ئەوەیە کە لە حاڵەتی ڕوودانی کارەساتێکدا یاخود لە حاڵەتێکدا کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هەر کامێکمان، ئەوا یارمەتی یەکتر دەدەین، بە یارمەتی سەربازیشەوە."
جێی ئاماژەیە سوید و فینلەندا لە هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازییدا نین، بەڵام داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ناچاریکردوون پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئاسایشی وڵاتەکانیاندا بکەن.
پێشبینی دەکرێت هەردوو وڵاتەکە بچنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە، بەڵام هەردووکیان نیگەرانن لەوەی لەمیانەی پڕۆسەی داواکردنیان بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، لاواز دەربکەون. پڕۆسەکە ساڵێکی پێدەچێت.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا فینلەندا بە چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە ڕووسیا دەوروژێنێت، سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ وتی دەبێت لۆمەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بکرێت لەسەر هەر بڕیارێک بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە.
وتی " وەڵامەکەی من ئەوە دەبێت دەڵێم تۆ هۆکاری ئەوە بوویت. سەیری ئاوێنەکە بکە."
سویدیش بە هەمان شێوە گرەنتی پشتیوانی ئاسایشی لە ئەمەریکا و ئەڵمانیاوە وەرگرتووە.
جۆنسن لە سوید لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسندا وتی " جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا ناچارمان دەکات بڕیاری قورس بدەین. بەڵام وڵاتانی خاوەن سەروەر دەبێت ئازاد بن لە بڕیارداندا و ترس و کاریگەریی و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لەسەر نەبێت."
بەڕیتانیا دەڵێت ڕێکەوتنە نوێیەکان هاوبەشیکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان زیاد دەکات و مەشقە سەربازییە هاوبەشەکان و ڕەوانەکردنی هێزەکان خێراتر دەکات.
جۆنسن وتی سروشتی هەر یارمەتییەک " پەیوەست دەبێت بە داوای لایەنەکەی دیکەوە." بەڵام وتی ناتۆ هاوپەیمانێتییەکی بەرگرییە.
جۆنسن وتی " ناتۆ هەڕەشە بۆ سەر هیچ کەسێک دروست ناکات. بۆ بەرگری هاوبەش دروست بووە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز