Accessibility links

بەڕیتانیا باجی گومرگ لەسەر ئۆکرانیا لادەبات


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، کیێڤ، ئۆکرانیا
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، کیێڤ، ئۆکرانیا

حکومەتی بەڕیتانیا ڕایگەیاند بەپێی ئەو گرێبەستە بازرگانییەی کە هەیە سەرجەم باجی گومرگی سەر ئەو شتومەکانەی کە لە ئۆکرانیاوە دێن بۆ بەڕیتانیا لادەبرێن، ئەوەش لەپێناو یارمەتیدانی ئابووری ئۆکرانیادا.

لەندەن وتی باجی گومرگ کەم دەکرێتەوە بۆ سفر، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زیلێنسکی داوای لە بەڕیتانیا کرد باجی گومرگ لەسەر شتومەکی ئۆکرانیا لاببات، وتیشی ئەم هەنگاوە پەرە بە کارەکانی ئۆکرانیا دەدات لەو کەلوپەل و خواردنە سەرەکییانەدا کە ئۆکرانیا هەناردەی دەرەوەیان دەکات، لەوانەش هەنگوین و جۆ و دۆشاو و مریشک.

وەزیری بازرگانی نێودەوڵەتی بەڕیتانیا ئان ماری ترێڤیلیان وتی " لەم شەڕەدا لەپشت ئۆکرانیادا دەوەستین تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی ئۆکرانیا ڕزگاری ببێت و وەکو وڵاتێکی خاوەن سەروەر دەرچێت."

بەڕیتانیا وتی لە ئێستادا تێکڕای باجی گومرگ لەسەر هاوردەکانی ئۆکرانیا نزیکەی لە سەدا 22 ە.

هاوکات حکومەتی بەڕیتانیا ڕایگەیاند هەناردەکردنی بەرهەمی زیاتری بەڕیتانیا بۆ ڕووسیا قەدەغە دەکات، لەوانەش کەلوپەلی دەریایی و تەکنەلۆجیا و پێداویستییەکانی پەیوەست بە وزەوە. هەفتەی ڕابردووش بەڕیتانیا هەناردەکردنی کەلوپەلی گرانبەها و کاڤیار و زیو ئەڵماس بۆ ڕووسیا قەدەغەکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG