سەرچاوەیەکی ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا وتی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەر پشوویەکی پلان بۆ داندراوی هەڵوەشاندووەتەوە بۆ ئەوەی سەنگ بخاتە سەر وەڵامی حکومەتەکەی بۆ زنجیرەیەک لە کاری پشێوی ڕەگەزپەرستی کە کۆچبەران و موسوڵمانانییان کردووەتە ئامانج.
لە ماوەی کۆتایی هەفتەدا هەزاران ئەفسەری پۆلیس لەسەر کارەکانییان مانەوە لە پێناو ئەوەی ئامادە بن بۆ هەر حاڵەتێکی دیکە، سەرەڕای ئەوەی ڕۆژی شەممە بۆ چوارەمین ڕۆژ خۆپیشاندەرانی دژ بە کارە پشێوییەکان زۆر زیاتر بوون لە خۆپیشاندەرانی دژ بە کۆچ لە چەندین شار و شارۆچکەی وڵاتەکەدا.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی سەرۆک وەزیر کییەر ستارمەر هەفتەی داهاتوو ناچێت بۆ پشوو.
حکومەتەکەی بە خێرایی جووڵاوە بۆ خێراکردنی لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە دەستگیرکراون و بەهۆی پەیوەندییانەوە بە کارە تێکدەرەکانەوە تۆمەتبار کراون.
ڕۆژی هەینی بەرپرسانی بەڕیتانیا وتییان لە دوای دەستپێکردنی پشێوییەکانەوە 741 کەس دەستگیرکراون و 302 کەس تۆمەتبار کراون.
پۆلیس وتی ڕەنگە دەستگیرکردنەکان بۆ چەند مانگێکی دیکە بەردەوام بن.
ڕۆژی شەممە سەرۆکی ئەنجومەنی پۆلیسی نیشتیمانی وتی ئەفسەرە تایبەتەکان فەرمانییان پێکراوە ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە لە ڕێی ئۆنلاینەوە هانی توندوتیژی دەدەن و ڕق و کینە بڵاو دەکەنەوە.
کریس هاواردی بەرپرسی تاوانە مەترسیدار و ڕێکخراوەکانی ئەنجومەنی پۆلیسی نیشتیمانی وتی " تاوانەکانی ئۆنلاین دەرەنجامی ڕاستەقینەیان هەیە و بە هەمان شێوەی ئەو کەسانەی کە خۆیان لەوێن و هانی توندوتیژی دەدەن مامەڵەت لەگەڵدا دەکرێت."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم دوو کەس زیندانیکراون بە تۆمەتی بڵاوکردنەوە و وروژاندنی ڕق و کینەی ڕەگەزی لە نامەکاندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
پشێوییەکان لە بەڕیتانیا دوای ئەوە دەستییان پێکرد لە ئۆنلاین پۆستی ناڕاست بڵاودەکرانەوە لەسەر ئەوەی ئەو گومانلێکراوەی کە سێ کچی گەنجی بە چەقۆ کوشتووە لە 29 ی مانگی حەوتدا لە ساوثپۆرتی باکووری ڕۆژئاوای بەڕیتانیا کۆچبەرێکی ئیسلامی بووە.
وتەبێژی کۆشکی بەکینگهام ڕۆژی هەینی وتی پاشا چاڕڵز داوای ڕێزگرتن و تێگەیشتنی هاوبەش دەکات و ستایشی ئەو گروپانەی کۆمەڵگەکان دەکات لەسەر ئەوەی چۆن ڕووبەڕووی " دوژمنکاری و تاوانی چەند کەسێکی کەم " بوونەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز