میدیاکانی بەریتانیا دەڵێن کچی سیخوڕە ڕووسیایـیەکەی مانگی ڕابردوو لەگەڵ باوکی لە هۆش خۆیان چوون بەهۆی کاریگەری گازی ژەهراوی دەمارەوە، لە نەخۆشخانەی براوەتە دەرێ.
هەردوو کەناڵی BBC و Sky News ئەمڕۆ سێشەممە ڕایانگەیاند یولیای کچی سێرگێی سکریپال باری تەندروستی باشبووە و چیتر پـێویست ناکات لە نەخۆشخانە بهێڵرێتەوە، بۆیە هاتووەتە دەرێ و بەرەو شوێنێکی پارێزراوی نهێنی براوە.
یولیای تەمەن (33 ساڵ) و سێرگێی سکریپالی باوکی (66 ساڵ) لە 4 ی مانگی سێدا بەرەو نەخۆشخانە بران پاش ئەوەی هەردووکیان لە بەردەم بازاڕێکی شاری سالزبری ڕۆژئاوای باشوری بەریتاتیا لە هۆش خۆیان چوون.
لێکۆڵینەوەکانی پـۆلیس و دەزگا بەرپـرسەکانی بەریتانیا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی هەردووکیان بە جۆرە گازێکی دەمار ژەهراوی کراون کە لە ڕووسیا دروستدەکرێت.
کاربەدەستانی بەرتیانیا دەڵێن ڕووسیا لە پشت ئەم تاوانەوەیە، بەڵام مۆسکۆ ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.