بەپێی زانیارییە نوێکراوەکانی حکومەتی بەڕیتانیا، لەم ساڵدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10,000 کۆچبەر لە ڕێی بەلەمی بچووکەوە بە کەناڵی مانشدا پەڕیونەتەوە بۆ ناو وڵاتەکە و ئەمەش بە ئاڵنگارییەکی گەورە دادەنرێت لەبەردەم سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک پێش هەڵبژاردنی نیشتیمانی بەڕیتانیا کە بڕیارە لە 4 ی مانگی حەوتدا بەڕێوەبچێت.
لە ساڵی 2023 دا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ڕێی پەڕینەوەیان بە شێوەیەکی مەترسیدار بە کەناڵەکەدا گەیشتنە کەناراوەکانی باشووری بەڕیتانیا بە ڕێژەی سێیەک کەمتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ئەم ساڵدا، بەڵام نوێترین ژمارەکان کە لەسەر ماڵپەڕێکی حکومەت بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەدەن کە لە مانگی یەکی ساڵی 2024 ەوە تاوەکو 25 ی مانگی پێنج 10,170 کەس گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەڕیتانیا، ساڵی ڕابردوو لە هەمان ماوەدا تەنها 7,395 کۆچبەر گەیشتوونەتە بەڕیتانیا.
وتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی بەڕیتانیا لە وەڵامێکدا سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەکان وتی " بەردەوامین لە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە فەڕەنساییەکانماندا بۆ ڕێگریکردن لە پەڕینەوەکان و ڕزگارکردنی ژیانی ئەو کەسانە."
سوناک کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند، دواتر لەم هەفتەیەدا وتی ئەو پەنابەرانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە بەڕیتانیاوە پێش هەڵبژاردنەکان ڕەوانەی ڕواندا ناکرێن، ئەمەش گومانی دروست کرد لەسەر یەکێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانی پارتی پارێزگارانی سوناک.
پلانی ڕەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەهۆی بەربەستە یاساییەکانەوە ڕاگیراوە، پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنیش کە لە ئامارەکاندا بە بیست خاڵ لە پێش پارێزگارانەوەیە و پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا کۆتایی بە دەسەڵاتە 14 ساڵەییەکەی پارێزگاران بهێنێت، بەڵێنیداوە ئەو سیاسەتە لاببات ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت.
وەزیری سێبەریی کۆچی پارتی کار ستیفن کینۆک وتی حکومەتەکەی سوناک کاری تەواوی نەکردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسەدا.
کینۆک وتی " لەبەرئەوەی کە ئێستا هەموو هەوڵەکانی حکومەت سەنگییان خستووەتە سەر ڕەوانەکردنی چەند سەد کەسێکی کەم بۆ ڕواندا، ئەو هەزاران کەسەی دیکە نابینن کە مانگانە بە کەناڵەکەدا دەپەڕنەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس، ڕۆیتەرز