وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی ڕووسیا بەردەوامە لە لێدانی ئامانجە نا سەربازییەکان لە ئۆکرانیادا، لەوانەش بیناکانی نیشتەجێبوون و وێستگەکانی گواستنەوە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ لاوازکردنی ئیرادەی وڵاتەکە.
بەڕیتانیا وتیشی سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا لە هێرشەکانیدا سەنگی خستۆتە سەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، بەڵام هێرشە موشەکییەکان بەردەوامن لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، لە کاتێکدا ڕووسیا هەوڵ دەدات بەربەست دابنێت لەبەردەم گواستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ئۆکرانیادا.
وتی " لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووسیا بەربەستیان هاتۆتە بەردەم، هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنییەکانی وەکو خوێندنگاکان و نەخۆشخانەکان و بیناکانی نیشتەجێبوون و وێستگەکانی گواستنەوە بەردەوامن. ئەمانەش ئاماژەیەکن لەسەر ئەوەی ڕووسیا دەیەوێت ژێرخانی هاوڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج تاوەکو بتوانێت ئیرادەی ئۆکرانییەکان لاواز بکات."
هەروەها وتی " بەردەوام بوونی هێرشەکانیان بۆ سەر شارە سەرەکییەکانی وەکو ئۆدێسا و خێرسۆن و ماریوپۆڵ تیشک دەخەنە سەر ئارەزووی ڕووسیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئەو ناوچانەی کە دەچنەوە سەر دەریای ڕەش، ئەوەش ڕێگەیان دەدات هێڵی پەیوەندییە دەریاییەکانی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ بکەن و زیان بە ئابووری ئۆکرانیا بگەیەنن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز