بەریتانیا سزای بەسەر پێنج بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاند، ئەمەش بەهۆی ڕۆڵی ئەو بەرپرسانە لە سەپاندنی حیجابی زۆرملێ و سەرکوتکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیانی ئێران.
حکومەتی بەریتانیا ڕۆژی هەینی 8ی مانگی دوانزە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو پێنج کەسە ئێرانییەی سزای بەسەردا سەپاندوون، بەرپرسی بەشی گواستنەوەی گشتی لە تاران و بەشی دادوەری و ئاسایشی حکومەتی ئێرانن و بەشدارییان لە جێبەجێکردنی سیاسەتی حیجابی زۆرەملێدا کردووە.
سزا نوێیەکانی بەریتانیا لە دژی "پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ" لە یادی 75ساڵەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا ڕاگەیەندراوە.
دوای تێپەڕبوونی 75 ساڵ لە پەسەندکردنی ڕاگەیاندنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، بەڕیتانیا و ئەمەریکا و کەنەدا ڕابەرایەتی کارە هەماهەنگەکان دەکەن دژی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ و بەشەکانی حکومەتە تاکڕەوەکانی سەرانسەری جیهان.
بەڕیتانیا هەروەها کاری زۆرەملێی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بەرپرسانی پەیوەست بە حکومەتەکانی بێلاڕووس و هایتی و سوریا دەکاتە ئامانج کە بەشدارن لە سەرکوتکردنی ئازادی تاکەکان لە کۆمەڵگەکەیاندا.
بەڕیتانیا 46 سزای ڕاگەیاندووە، سزاکان سڕکردنی سەرمایەکان و قەدەغەکردنی گەشت دەگرنەوە. سزاکان ئەو کەس و لایەنانە دەگرێتەوە کە بەرپرسن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و ناچارکردنییان بۆ کارکردن لە کەمبۆدیا و لاوس و میانمار، قوربانییەکان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەیەکی نامرۆیی و دڕندانە بوونەتەوە.
سزاکانی بەریتانیا هەروەها 17 ئەندامی دەسەڵاتی دادوەری بێلاڕووس و دادوەران و لێکۆڵەرەوەیەک دەگرنەوە کە دەستییان هەبووە لە دۆسییە سیاسییەکاندا دژی چالاکەوانان و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ.
هەشت کەسیش لە سوریا سزایان بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانییانەوە لە کارە دڕندانەکانی ڕژێمی سوریا دژی هاووڵاتییانی سوری.
دوو کەسی دیکەش لە هایتی بەهۆی بەشدارییانەوە لە هێرشەکانی ساڵی 2018 دا سزا دراون.
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد کامیرۆن وتی " لێبوردەییمان نابێت بەرامبەر ڕژێمە تاوانکار و سەرکوتکارەکان کە مافە بنچینەییەکان و ئازادییەکانی خەڵکانی ئاسایی لە سەرانسەری جیهاندا سەرکوت دەکەن."
وتیشی " من دڵنیام لەوەی کە 75 ساڵ دوای ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، بەڕیتانیا و هاوپەیمانەکانمان ماندونەناسانە بەردەوام دەبین لە لێپێچینەوە لەوانەی کە ئازادی لە خەڵک دەسەننەوە."
وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا جەیمس کلیڤەرلی وتی " ڕاگەیاندنەکانی ئەمڕۆ ئاگادارییەکی ڕوون و ئاشکران لەسەر ئەوەی هەرکەسێک بیەوێت لە ڕێی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە دەستکەوتی هەبێت ئەوا دەهێندرێتە بەردەم داد و ڕووبەڕووی لێکەوتەی تاوانەکانی دەبێتەوە.
سەرچاوە/ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا