فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ ئۆلیه سینیهوبۆڤ دەڵێت شارەزایانی شیکاری ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا 146 تەرمییان لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی نزیک شارۆچکەی ئیزیۆمی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە دەرهێناوەتەوە کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنین و هەندێک لە مردووەکان نیشانەی توندوتیژییان پێوەیە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنکسی ئاماژەی بەوەدا بوو کە باوەڕوایە نزیکەی 450 تەرم لە شوێنێک لە دارستانێکی قەراغ ئیزیۆمدا نێژرابن، کە لەمدواییانەدا هێزەکانی ئۆکرانیا لە هێرشە پێچەوانەکەیاندا بۆ سەر هەرێمی خارکیڤ گرتییانەوە.
سینیهوبۆڤ گوتی ئەو تەرمانەی دەرهێندراونەتەوە دوو منداڵییان تێدا بووە.
گوتیشی " هەندێک لە مردووەکان نیشانەی توندوتیژییان پێوە بووە. لاشەی تێدایە کە دەستییان بەستراوەتەوە و نیشانەی ئەشکەنجەدانیان پێوە دیارە. هەندێکی دیکەیان برینی تەقینەوە و پارچە و چەقۆیان پێوە بووە."
چەند ڕۆژێکە شارەزایانی شیکاری کاردەکەن بۆ دەرهێنان و ناسینەوەی تەرمەکان.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ ڕۆژی دووشەممە ئەو تۆمەتانەی ئۆکرانیای ڕەت کردەوە و گوتی " دروست نین."
پێشتریش دانیشتوانی ناوچەکە وتوویانە کە هەندێک لەو گۆڕانەی کە لە دارستانەکەدا هەن ئەو خەڵکانە بوون کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیاوە کوژراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز