Accessibility links

دوای 100 ساڵ، ئۆکرانیا بۆ یەکەمین جار لە 25 ی مانگدا ئاهەنگی کرسمس دەگێڕێت


بۆ یەکەمین جار لە دوای ساڵی 1917 ەوە، ئۆکرانیا ئاهەنگی کرسمس لە 25 ی مانگی دوانزەدا دەگێڕێت لە بری 7 ی مانگی یەک کە ڕووسیا دایناوە بۆ ئاهەنگەکانی کرسمس.

ئەم هەنگاوەش تیشک دەخاتە سەر گۆڕانێکی دیکە لە کلتوری ئۆکرانیادا بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووسیا.

لە کاتێکدا ڕووسیا و ئۆکرانیاش ڕۆژمێری جۆرجیان بەکاردەهێنن، ڕووسیا هێشتا پەیڕەویی ڕۆژمێری جولیان دەکات، ئەوەش بەهۆی هەندێک لە نەریتە ئاینییەکانەوە. گۆڕانەکەی کیێڤ ئاماژەیەکە لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ ڕێکخستنی خۆی لەگەڵ ئەوروپادا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕۆژی شەممە وتی لە کاتێکدا کە هەفتەکەی پێش کرسمس تەواو دەبێت، ئۆکرانیا بە بەهێزی دەمێنێتەوە. ئاماژەی بە خستنە خوارەوەی سێ فڕۆکەی شەڕکەری سو – 34 ی ڕووسیایی کرد کە ڕۆژی هەینی لە بەرەی باشوور خرانە خوارەوە. وەکو سەرکەوتنێکی ئۆکرانیا لە جەنگەکەیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا ستایشی کرد.

زێلێنسکی وتی " ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە کاریگەریی پتەوکردنی بەرگری ئاسمانیمانی دەرخست. ئەوە تەنها بۆ پاراستنی شار و گوندەکانمان نیە لە فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکەکانی ڕووسیا، بەڵکو بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی هێڵی پێشەوەشە. توانای خستنە خوارەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا یەکێکە لە کلیلەکانی کۆتایی هێنان بەم جەنگە بە شێوەیەکی یەکسان."

زێلێنسکی سوپاسی سەرجەم هاوبەشەکانی کرد کە یارمەتی ئۆکرانیایان داوە لە جەنگەکەدا. سوپاسگوزاری خۆی دەربڕی بۆ ئەڵمانیا لەسەر یارمەتییە سەربازییەکانی و هەروەها بۆ هۆڵەنداش لەسەر پاکێجێکی یارمەتی کە بەهاکەی دەگاتە زیاتر لە 110 ملیۆن دۆلار و هەروەها بۆ فینلەنداش لەسەر یارمەتییە بێ هەژمارەکانی بۆ ئۆکرانیا.

وتیشی کیێڤ چاوەڕێی پەسەندکردنی پاکێجی یارمەتییەکەی ئەمەریکا دەکات بۆ ساڵی داهاتوو، وتی "سوپاسگوزاری نوێنەرانی هەردوو پارتەکەم بۆ تێگەیشتنییان لەسەر ئەوەی کە دەبێت بڕیارەکان بدرێن."

هەروەها سوپاسی ئەمەریکای کرد لەسەر سەپاندنی کۆمەڵێک سزای ئابووری دیکە بەسەر ڕووسیا و هاریکارەکانیدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG