Accessibility links

ئۆکرانیا 44 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا تێکدەشکێنێت


کۆنۆتۆپ
کۆنۆتۆپ

بەرپرسانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیادا لانیکەم 14 کەس لە شارۆچکەی کۆنۆتۆپ بریندار بوون.

وتیشییان هێرشەکە ناوەندەکانی ژێرخانی مەدەنی کردووەتە ئامانج. هێزەکانی ڕووسیا هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە هەرێمی خێرسۆنیش ئەنجام داوە، کە لەوێ بەرپرسان وتییان بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستووەتە خوارەوە.

سوپای ئۆکرانیا وتی لە کۆی 64 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیادا بۆ سەر سەرانسەری ئۆکرانیا 44 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان خستووەتە خوارەوە.

هاوکات لەگەڵ سومی و خێرسۆندا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر هەرێمەکانی چێرکاسی و دنیپرۆپێترۆڤسل و خمیلنیتسکی و کیرۆڤۆهراد و کیێڤ و پۆڵتاڤا و زاپۆریژاشدا خراونەتە خوارەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان بەسەر هەرێمی بێلگۆرۆددا خستووەتە خوارەوە، هەروەها دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر هەرێمی کورسک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکە بەسەر بریانسکدا خراونەتە خوارەوە.

ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ بەرپرساندا کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هاریکارییە بەرگرییەکەی نێوان ئەمەریکا و پۆڵەندا و پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا.

سەردانەکەی ڕۆژێک دوای ئەوە دێت بلینکن ڕایگەیاند ئەمەریکا زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو یارمەتی بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات، ئەوەش لە کاتێکدا کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد لامیدا سەردانی کیێڤییان کرد.

پاکێجی یارمەتییەکان 325 ملیۆن دۆلار لە خۆدەگرێت بۆ چاککردنەوەی هێڵەکانی کارەبا و وزەی ئۆکرانیا لە نێوەندی بەردەوامی هێرشەکانی ڕووسیادا، نزیکەی 290 ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ یارمەتییە مرۆییەکان تەرخان دەکرێت و هەروەها 102 ملیۆن دۆلاری دیکە تەرخان دەکرێت بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ پوچەڵکردنەوەی مینەکان و ئەو تەقەمەنییانەی کە هێشتا نەتەقیونەتەوە و لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لە سەرانسەری ئۆکرانیادا بەجێهێڵدراون.

بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ لامی و وەزیری نوێی دەرەوەی ئۆکرانیا ئاندری سیبیهادا وتی " پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا بەردەوام دەبێت چونکە ئەوە پەیوەست نیە بە هیچ وڵاتێکەوە بە تەنها یاخود بە پارتێکەوە بە تەنها یان هەڵبژاردنێکەوە بە تەنها."

وتی " بینیومانە ئێستا ڕووسیا فشار دەکات و بە دڵنیاییەوە هێرشەکانی لە ناو ئۆکرانیادا بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانەکانی وزە و سوپای ئۆکرانیاش زیاتر دەکات کە بەرگری لە وڵاتەکە دەکەن."

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد لامیش لەلای خۆیەوە ڕایگەیاند بەڕیتانیا زیاتر لە 780 ملیۆن دۆلار وەکو یارمەتی و قەرز بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات. وتی پاکێجەکە یارمەتی مرۆیی و پێویستییەکانی ئاوەدانکردنەوە و وزەی تێدا دەبێت.

وتیشی بەڕیتانیا کارەکانی خێرا کردووە بۆ گەیاندنی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنی تۆپهاوێژ و ئوتومبێلی زریپۆش زیاتر بۆ ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG