Accessibility links

زێلێنسکی دەڵێت لە کۆتاییدا ئۆکرانیا فڕۆکەی شەڕکەری F-16 بەکاردەهێنێت


ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕایگەیاند فڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا دەستییان کردووە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 لە ناو وڵاتەکەدا، بەمەش گەیشتنی ئەو جۆرە فڕۆکەیەی پشتڕاست کردەوە کە ئۆکرانیا لە مێژە چاوەڕێی دەکات لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە.

ڕاگەیاندنەکەی زێلێنسکی لە ماوەی کۆبوونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ فڕۆکەوانە سەربازییەکاندا.

زێلێنسکی لەو شوێنەدا کە بەرپرسانی ئۆکرانیا داوایان لە ڕۆیتەرز کردووە ئاشکرای نەکات بەهۆی هۆکاری ئاسایشەوە، وتی " F-16 لە ئۆکرانیایە. بە دەستمان هێنان. شانازی دەکەم بە کوڕەکانمانەوە کە زۆر بە باشی ئەم فڕۆکانە بەکاردەهێنن و پێشتریش لە وڵاتەکەماندا بەکارییان هێناون."

گەیشتنی فڕۆکەکان بۆ ئۆکرانیا دوای چەندین مانگ لە چاوەڕوانیکردن گرنگە، بەڵام هێشتا نەزاندراوە چەند فڕۆکەیان بەردەستن و چەندیش کاریگەرییان دەبێت لە پتەوکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیادا لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا.

ڕووسیا ئەو بنکە ئاسمانییانەی کردووەتە ئامانج کە ڕەنگە ئەو جۆرە فڕۆکانەی لێبن، بەڵێنیشیداوە بیانخاتە خوارەوە بۆ ئەوەی کاریگەرییان نەبێت لەسەر جەنگەکە.

فڕۆکەی F-16 ی ئەمەریکایی کە لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتنەوە دروست دەکرێت، لە لیستی ئەو چەکانەدا بووە کە ئۆکرانیا دەمێکە هەوڵی بۆ دەدات، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییە ڕووخێنەرەکەی و بەردەستییەوە لە جیهاندا. دەتوانن بۆمب و موشەک و ڕۆکێت هەڵبگرن.

ئۆکرانیا پێشتر پشتی بە فڕۆکە جەنگییەکانی سەردەمی سۆڤیەت بەستبوو، ئەو جۆرە فڕۆکانەش لە بەرامبەر فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی ڕووسیادا کاریگەرییان نەبووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG