Accessibility links

خانمانی یەکەمی ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە


خانمی یەکەمی ئۆکرانیا ئۆلینا زێلێنسکا لەگەڵ خانمی یەکەمی ئەمەریکا جیڵ بایدندا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە.

دوایین دیداری دوو خانمەکە لە ماوەی سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەی جیڵ بایدندا بوو لە مانگی پێنجدا بۆ ڕۆژئاوای ئۆکرانیا و پێکەوە سەردانی قوتابخانەکیان کرد و کۆمەڵێک چالاکییان لەگەڵ منداڵەکاندا ئەنجامدا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن چەپکە گوڵێکی پێشکەشی خانمی یەکەمی ئۆکرانیا کرد کە گوڵەکان ڕەنگەکانی ئاڵای ئۆکرانیا بوون.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند مەبەست لە سەردانەکەی زێلێنسکا بۆ واشنتن " تیشک خستنەسەر کاریگەرییە خراپە مرۆییەکانی جەنگەکەی ڕووسیایە دژی ئۆکرانیا. وتیشی تاوتوێی پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەمەریکا دەکەن بۆ حکومەتی ئۆکرانیا و گەلەکەی، لەکاتێکدا کە ئەوان بەرگری لە دیموکراسی خۆیان دەکەن و خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ کاریگەرییە خراپەکانی جەنگەکەی ڕووسیا لەسەر خەڵکەکە، کە بۆ ماوەی چەند ساڵێکی دیکەش هەر دەمێنێتەوە لەسەرییان."

ڕۆژی دووشەممە زێلێنسکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکندا کۆبۆوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی بلینکن باسی لە " کاریگەرییە خراپەکانی داگیرکارییە بەرفراوانەکەی ڕووسیا کردووە لەسەر خەڵکەکە." ئاماژەشی بەوەدا بلینکن جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردۆتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا.

پڕایس وتی " وەزیر بلینکن دەستخۆشی لە کارەکانی خانمە زێلێنسکا کردووە بۆ یارمەتیدانی ئەو ئۆکرانییانەی کە جەنگەکە کاری تێکردوون. جەختی لەوە کردۆتەوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پشتیوانییەکان بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا تاوەکو وەڵامی ئەو ئاڵۆزییە ئابووری و مرۆییانە بداتەوە کە ڕووبەڕوویان بۆتەوە."

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە زێلێنسکا وتارێک پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا بکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG