Accessibility links

هێزەکانی ڕووسیا بەرەو کیێڤی پایتەخت پێشڕەوی دەکەن و سەرۆکی ئۆکرانیا داوای یارمەتی دەکات


ڕۆژی هەینی موشەکەکان بەسەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیادا کەوتنە خوارەوە و هێزەکانی ڕووسیا پێشڕەوییان بەرەو شارەکە کرد، هاوکات سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێز زیلینسکی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کاری زیاتر بکەن، وتی تاوەکو ئێستا سزاکان بەس نەبوون.

زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە کیێڤی پایتەخت بیسترا، هەواڵیش هەن کە فڕۆکەیەکی ڕووسی خراوەتە خوارەوە و خۆی کێشاوە بە بینایەکدا، بەڵام ئەو هەواڵە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە. ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی پوتن فەرمانی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیایدا کە سەرانسەری جیهانی توشی سەرسوڕمان کرد.

بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا وتی دواتر لە ڕۆژی هەینیدا هێزەکانی ڕووسیا دەچنە ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤی پایتەختەوە، ئاماژەشی بەوەدا هێزەکانی ئۆکرانیا لە چوار بەرەوە بەرگری لە شوێنەکانیان دەکەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ژمارەیان لە ژمارەی هێزەکانی ڕووسیا کەمترە.

نزیکەی 100,000 هاوڵاتی ئۆکرانی هەڵهاتوون، ئەمەش دوای ئەوەی تەقینەوەکان و شەڕ و پێکدادانەکان شارە گەورەکانی ئۆکرانیای هەژاند. هەواڵ هەیە لەسەر ئەوەی دەیان کەس کوژراون. هێزەکانی ڕووسیا لەمیانەی پێشڕەوییەکانیاندا بەرەو کیێڤ کارخانەی پێشووی ناوەکی چێرنۆبیڵیان گرتووە کە دەکەوێتە باکووری کیێڤەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا دەڵێن ئامانجی ڕووسیا گرتنی کیێڤە و لابردنی حکومەتی ئۆکرانیایە.

زیلینسکی وتی تێدەگات لەوەی هێزەکانی ڕووسیا بۆ ئەو دێن، بەڵام بەڵێنیداوە لە کیێڤ بمێنێتەوە.

زیلینسکی وتی " دوژمن منی وەکو ئامانجی یەکەم نیشانە کردووە، خێزانەکەم ئامانجی دووەمە. دەیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئۆکرانیا لەناوببەن، ئەوەش لەڕێی لەناوبردنی سەرۆکی وڵاتەکەوە."

وتی " لە پایتەخت دەمێنمەوە. خێزانەکەشم هەر لە ئۆکرانیان."

ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا ئانتۆن هێراشینکۆ وتی هێزەکانی ئۆکرانیا فڕۆکەیەکی دوژمنیان بەسەر کیێڤەوە خستۆتە خوارەوە و دواتر خۆی کێشاوە بە بینایەکی نیشتەجێبووندا و ئاگری تێبەربووە.

هێشتا ڕوون نیە فڕۆکەکە بێفڕۆکەوان بووە یاخود موشەک بووە. بەرپرسانی شارەوانی کیێڤ وتیان لانی کەم هەشت کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەوە بەسەر بیناکەدا برینداربوون.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کۆلیبا وتی " هێرشی ئاسمانی ترسناکی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ. دوایین جار ئەمە ڕوویدا بەسەرماندا لە ساڵی 1941 دا و لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە هێرشی کرایەسەر."

بەرپرسان دەڵێن شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە شاری سومی ڕوویداوە کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە.

میحوەرێکی سنووری لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی زاپۆریژژیا بە موشەک کراوەتە ئامانج، کوژراو و برینداری لەنێو پاسەوانەکانی سنووردا لێکەوتۆتەوە. زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانیش بەسەر شاری لڤیڤی ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە بیستراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG