Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر بەندەری ئۆدێسای ئۆکرانیا


هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی ڕووسیا بۆ سەر بەندەری ئۆدێسای ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش هەڕەشەی لەسەر ڕێکەوتنەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دروستکرد بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی گەنمی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان و کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا.

دوابەدوای هێرشەکە، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " سکرتێری گشتی ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش بەبێ دوودڵی سەرکۆنەی هەواڵی هێرشەکانی ئەمڕۆ دەکات لە بەندەری ئۆدێسای ئۆکرانیا. دوێنێ سەرجەم لایەنەکان بە ئاشکرا و لەبەردەم جیهاندا پابەندی خۆیان دەربڕی بۆ دڵنیا بوونەوە لە پارێزراوی گواستنەوەی گەنم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان. ئەم بەرهەمانە زۆر پێویستن بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراکی جیهان و کەمکردنەوەی ئازار و ناڵەی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیش وتی " ئەمە تەنها یەک شت دەسەلمێنێت: گرنگ نیە ڕووسیا چی دەڵێت و بەڵێنی چی دەدات، ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە بۆ جێبەجێ نەکردنی ڕێکەوتنەکە."

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی جەنگەکە کرد بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە هێرشەکەی سەر ئۆدێسا نەدا.

بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا لەسەر سەرکۆنەکردنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " زۆر سەیرە کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ' بەبێ دوودڵی ' سەرکۆنەی کوشتنی منداڵانی دۆنباس لەلایەن ڕژێمەکەی کیێڤەوە ناکات."

لەلایەکی دیکەوە وەزیری بەرگری تورکیا خڵوسی ئاکار وتی " بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن یەکێک لە موشەکەکان لە یەکێک لە سایلۆکانی ئەوێی داوە، موشەکێکی دیکە لە ناوچەیەکی نزیک لە سایلۆکەوە کەوتۆتە خوارەوە، بەڵام هیچ کاری نەکردۆتەسەر تواناکانی بارکردن لە بەندەرەکەدا، کە ئەوە گرنگە و ئەرکەکان لەوێ دەتوانن بەردەوام بن."

وتیشی " ڕووسییەکان پێیان وتین بە هیچ شێوەیەک دەستیان لەو هێرشەدا نەبووە، دەڵێن لەنزیکەوە و بە وردی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەن. ئەو ڕاستییەی کە ئەم ڕووداوە دوای ڕێکەوتنەکەی دوێنی ڕوویدا بەڕاستی نیگەرانمان دەکات."

وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا ئۆلیکساندەر کوبراکۆڤ وتی " بەردەوامین لە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە بەندەرەکانمانەوە."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک دەڵێت " هێرشە ترسنۆکە موشەکییەکان بۆ سەر بەندەری ئۆدێسا دەریدەخات کە واژۆی سەرکردایەتی ڕووسیا لەم کاتەدا زۆر جێگەی متمانە نیە."

باڵیۆزی ئەمەریکا لە کیێڤ بریدجێت برینک وتی " ئەمە خراپکارییە. دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە 24 کاتژمێر بەسەر واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەدا بۆ ڕێگەدان بە هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر بەندەری ئۆدێسا. کرێملن بەردەوامە لە بەکارهێنانی خۆراک وەکو چەک. دەبێت ڕووسیا بە بەرپرس دابندرێت."


بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ وتی " هێرشکردنە سەر ئامانجێک کە گرنگە بۆ هەناردەکردنی گەنم یەک ڕۆژ دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکانی ئیستەنبوڵ، بەتایبەتی شتێکە سەرزەنشت دەکرێت و دووبارە بێباکی ڕووسیا دەردەخات لە یاسا و بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکان."

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس وتی " بەدڵنیاییەوە شتێکی خراپە کە تەنها یەک ڕۆژ دوای واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە، ڤلادیمیر پوتن هێرشێکی تەواو بێ پاساوی بۆ سەر ئۆدێسا دەستپێکرد."

بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئاندرێ یەرماک وتی " ڕووسییەکان بەشێوەیەکی ڕێکخراو قەیرانی خۆراک دروست دەکەن، هەمووشتێک دەکەن تاوەکو خەڵکەکە بناڵێنێت. تیرۆری برسێتی بەردەوامە. جیهان دەبێت بجوڵێت. باشترین گرەنتی پارێزراوی خۆراک ئەوەیە سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا بسەپێنیت و چەکی زیاتر بدەیت بە ئۆکرانیا."

فەرمانڕەوای هەرێمی ئۆدێسا ماکسیم مارچینکۆش وتی " بەداخەوە خەڵک بریندار بوون. ژێرخانی بەندەرەکە زیانی بەرکەوتووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG