Accessibility links

ئۆکرانیا: ڕووسیا دەیەوێت سەربازانی ناو وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە ماریوپۆڵ دەستگیربکات


 وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە شاری ماریوپۆڵی باشووری ئۆکرانیا
وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە شاری ماریوپۆڵی باشووری ئۆکرانیا

فەرمانڕەوای هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا وتی ڕووسیا ڕێگە نادات سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیا لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە شاری ماریوپۆڵی باشووری وڵاتەکە بگوازرێنەوە، چونکە دەیەوێت دەستگیرییان بکات.

فەرمانڕەوای هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پاڤلۆ کیریلینکۆ وتی ڕووسیا ڕێگەی لە هەوڵەکان گرتووە بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی لە دۆنێتسک، بەڵام هێزەکانی ئۆکرانیا توانیویانە هێزەکانی ڕووسیا لە سەرانسەری هەرێمەکە دووربخەنەوە.

جێی ئاماژەیە سەدان سەرباز و هەندێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی شاری ماریوپۆڵ خۆیان حەشارداوە. هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی وێستگەکەیان کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی چەند مانگێک گەمارۆی شارەکەیاندا، بەڵام سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی پێویست ناکات هێرش بکرێتە سەر وێستگەکە.

کیرینکۆ وتی " دەیانەوێت ئەو دەرفەتە بەکاربهێنن بۆ دەستگیرکردنی بەرگریکارانی ماریوپۆڵ، یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی هێزەکان یەکەی ئازۆڤە."

وتی " لەبەر ئەوە ڕووسیا ڕێکەوتن لەسەر هیچ ڕێوشوێنێکی گواستنەوەی سەربازە بریندارەکان ناکات."

دەزگای هەواڵی تاس لە زاری وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بڵاویکردەوە پوتن زۆر ڕوون بووە لەسەر ئەوەی کە هاوڵاتیانی مەدەنی دەتوانن وێستگەکە جێبهێڵن، بەڵام بەرگریکارەکان دەبێت چەکەکانیان دابنێن.

پێسکۆڤ وتی " لەم حاڵەتەدا دەکرێت گفتوگۆکان لەسەر چی بابەتێک بن؟"

مۆسکۆ ڕەتی کردۆتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا کردبێتە ئامانج و داگیرکارییەکەی بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات، دەشڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە.
ئەنجومەنی شاری ماریوپۆڵ وتی بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیا و ڕەوشە خراپەکەوە نزیکەی 100,000 دانیشتووی شارەکە " لە مەترسییەکی کوشندەدان ". وتیشی کەمی ئاوی خواردنەوە و خۆراک " کارەساتە."

ڕووسیا لە قۆناغی دووەمی داگیرکارییەکەیدا هەوڵی ئەوە دەدات هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بگرێت.

کیریلینکۆ وتی " هێرشە نوێیەکە دوو هەفتەیە بەردەوامە، دوژمن تاوەکو ئێستا ئامانجە تاکتیکی و ستراتیژییەکانی نەپێکاوە."

وتیشی ڕووسیا " هیچ کاتێک " ڕێنەکەوتووە لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی. ڕووسیا دەڵێت ئۆکرانیا بەرپرسە لە شکستهێنانی گفتوگۆکان سەبارەت بە کردنەوەی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی.

وتیشی سەرەڕای نەبوونی ڕێکەوتن لەسەر ڕێڕەوی مرۆیی، تەنها 370,000 هاوڵاتی لەو بەشانەی هەرێمی دۆنێتسک ماونەتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیادان، پێش داگیرکارییەکەی ڕووسیا ژمارەی دانیشتوانی بەشەکەی ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنێتسک 1.67 ملیۆن کەس بووە.

کیریلینکۆ وتیشی زیاتر لە 270,000 هاوڵاتی لەڕێی شەمەندەفەرەوە لە هەرێمەکە هەڵاتوون، نزیکەی 80,000 کەسیش بە ئوتومبێل ڕۆیشتوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG