Accessibility links

ئۆکرانیا بە بەلەمێکی بۆمبڕێژکراو کەشتییەکی جەنگی ڕووسیا لە کاردەخات


کەشتیی ئۆلینیگۆرسکی گۆرنیاک Olenegorsky Gornyak
کەشتیی ئۆلینیگۆرسکی گۆرنیاک Olenegorsky Gornyak

ئۆکرانیا بە بەلەمێکی بۆمبڕێژکراوی لە دورەوە کۆنترۆڵکراو لە کەشتییەکی جەنگی ڕووسیای دا لە نزیک بنکەی هێزی دەریایی ڕووسیا لە بەندەری شاری نۆڤۆرۆسیسکی، ئەمەش یەکەمین جارە ئۆکرانیا توانای هێزی دەریایی خۆی دوور لە کەناراوەکانی وڵاتەکەیەوە دەربخات.

کۆمەڵەی هێڵی لوولەی نەوتی کاسپیان وتی بەندەرەکە کە لە سەدا 2 ی نەوتی جیهانی لێیەوە دەڕوات و هەروەها دانەوێڵەش هەناردە دەکات، بە شێوەیەکی کاتی جوڵەی کەشتییە سیڤیلییەکانی ڕاگرت پێش ئەوەی دەست بە کارە ئاساییەکانی بکاتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لای خۆیەوە لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاند، هێرشێکی ئۆکرانیا بە دوو بەلەمی بۆمبڕێکراو لە نزیک بنکەی هێزی دەریایی لە بەندەری شاری نۆڤۆرۆسیسکی، بەرپەرچدراوەتەوە و هەردوو بەلەمەکە تێکشکێنراون و هیچ زیانێکیان لێنەکەوتووەتەوە.

سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئۆکرانیا وتی کەشتییەکی هێزی دەریایی ڕووسیا بە ناوی ئۆلینیگۆرسکی گۆرنیاک، کە نزیکەی 100 سەربازی ڕووسیایی لەسەرە، بە بەلەمێکی بۆمبڕێژکراوی لە دورەوە کونترۆڵکراو لێدراوە. وتیشی بەلەمەکە 450 کیلۆگرام ماددەی TNT هەڵگرتبوو.

کەشتیی ئۆلینیگۆرسکی گۆرنیاک بەر لەوەی لێی بدرێت. وێنەکە بە کامێرای لە دورەوە کۆنترۆڵکراوی سەر بەلەمە بۆمبڕێکراوەکە گیراوە.
کەشتیی ئۆلینیگۆرسکی گۆرنیاک بەر لەوەی لێی بدرێت. وێنەکە بە کامێرای لە دورەوە کۆنترۆڵکراوی سەر بەلەمە بۆمبڕێکراوەکە گیراوە.


سەرچاوەکە بە ڕۆیتەرزی وت " لە ئەنجامی هێرشەکەدا کەشتیی ئۆلینیگۆرسکی گۆرنیاک زیانێکی گەورەی پێگەیشتووە و لە ئێستادا لە کارکەوتووە. ئاماژەی بەوەش دا ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن دەزگای ئاسایش و هێزی دەریایی ئۆکرانیاوە ئەنجام دراوە. وتیشی هەموو لێدوانەکانی ڕووسیا سەبارەت بە ' بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە ' ڕاست نین.

گرتە ڤیدیۆییەکان کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە پشتڕاستکراونەتەوە دەریدەخەن کەشتیی ئۆلێنێگۆرسکی گۆرنیاک لەلایەن کەشتییەکەوە ڕادەکێشرێت بەرەوە بەندەرەکە.

سەرچاوەیەکیش کە ئاگاداری جموجۆڵ و کارەکانە لە بەندەرەکە وتی کەشتییەکی گەورەی هێزی دەریایی ڕووسیا لەکارکەوتووە و بەرەو بەندەرەکە ڕاکێشراوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد کە دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکە، کارەکان لە بەندەرەکە ئاسایی بوونەوە و بارکردنی نەوت و دانەوێڵە دەستیپێکردەوە.

وتەبێژی سەرکردایەتی سەربازیی باشووری ئۆکرانیا ناتالیا هومینیوک، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی وڵاتەکەی لە هێرشەکە ڕابگەیەنێت، وتی زانیارییان هەیە کەشتی ئۆلینیگۆرسکی گۆرنیاک زیانی پێگەیشتووە. وتیشی لەناوبردنی تواناکانی دوژمن لە کاتی جەنگدا تەواو کارێکی ڕەوایە.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG