Accessibility links

ئۆکرانیا: ڕووسیا بۆردومان و هێرشە ئاسمانییەکانی لە باخموت زیاد دەکات


فەرماندەی هێزە پیادەکانی ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا بەکارهێنانی تۆپهاوێژ و هێرشە ئاسمانییەکانیان لە شاری باخموتی وێرانکراوی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیاتر کردووە.

شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوەوە و دەوروبەری باخموت ماوەی چەند مانگێکە بووەتە ناوەندی جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

جەنەڕاڵ ئۆلیکساندەر سیریسکی لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە ئێستادا دوژمن چالاکییەکانی تۆپهاوێژەکان و ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی زیاتر کردووە، شارەکەی خاپوور کردەوە."

وتیشی ڕووسیا هێشتا سوورە لەسەر گرتنی باخموت " بە هەر نرخێک بێت." بەڵام ڕووبەڕووی زیانێکی گەورە بۆتەوە لە شەڕەکەدا بۆ شارەکە.

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لێدوانەکانی ئۆلیکساندەر سەبارەت بە گۆڕەپانی جەنگەکە پشتڕاست بکاتەوە. ڕووسیاش دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیاش بە هەمان شێوە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە لە باخموت.

شارەکە کە پێش جەنگ نزیکەی 70,000 دانیشتووی تیادا دەژیا، بووەتە ئامانجی سەرەکی ڕووسیا لە هێرشەکەی زستانیدا کە دەستکەوتێکی کەمی هەبووە سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرە سەربازەی کە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تاوەکو ئێستا لە ئەوروپا بەو زۆرییە نەبیندراوە.

گرتنی باخموت هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ڕووسیا تاوەکو بەرەو دوو شارە گەورەترەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشڕەوی بکات، شارەکانیش کراماتۆرسک و سلۆڤیانسکن کە دەکەونە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکەوە.

لەم مانگەدا سەرکردەی گروپی بەکرێگیراوی سەربازی واگنەری ڕووسی وتی چەکدارەکانی زیاتر لە سەدا 80 ی شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

ئۆکرانیا ئەوەی ڕەت کردەوە و وتی هێشتا زیاتر لە سەدا 20 ی شارەکەی بە دەستەوە ماوە. پێشبینی دەکرێت سوپای ئۆکرانیا لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا هێرشێکی پێچەوانە ئەنجام بدات کە ئامانج لێی گرتنەوەی ئەو ناوچانەیە کە ڕووسیا داگیریکردوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG