بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن بەهۆی بۆردومانکردنی شاری زاپۆریژای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە لانیکەم 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 49 کەسی دیکە بریندار بوون، شەش منداڵیشیان تێدا بووە.
فەرمانڕەوای هەرێمی زاپۆریژا ئۆلیکساندەر ستاروخ وتی بەهۆی 12 هێرشی موشەکی ڕووسیاوە بەشێکی بینایەکی نۆ نهۆمی لەناوچووە و پێنج بینای دیکەی نیشتەجێبوون تەخت بوون و زۆرێکی دیکەش زیانییان بەرکەوتووە.
وتیشی " هێشتا زۆرێکی دیکە لە ژێر پاشماوەی بیناکاندا ماونەتەوە. ئەرکێکی ڕزگارکردن دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا هەشت کەس ڕزگار کراون."
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ژمارەی قوربانییەکانی پشتڕاست کردەوە و بەڵێنیدا لەسەر ئەوەی ئەو کەسانەی کە فەرمانیان بەم هێرشە ئاسمانییە " بێ بەزەییانە " کردووە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
بەرپرسێکی شارەکە ئەناتۆلی کورتێڤ لە ماوەی ڕابردوودا وتی لانیکەم 17 کەس گیانیان لەدەستداوە کاتێک موشەکەکان بیناکانی نیشتەجێبوونیان پێکاوە.
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا شاری زاپۆریژا کە نزیکەی 52 کم لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژای ژێر دەسەڵاتی ڕووسییەکانەوە دوورە، لە ژێر بۆردومانکردنێکی بەردەوامدا بووە. ڕۆژی پێنجشەممە لە هێرشێکدا 18 کەس گیانیان لەدەستدا.
لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا چەند بەشێکی هەرێمی زاپۆریژا و وێستگە ناوەکییەکەی لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە داگیرکراون، بەڵام شاری زاپۆریژا کە پایتەختی هەرێمەکەیە، هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆکرانییەکاندا ماوەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز