Accessibility links

ئۆکرانیا: کشانەوەی ڕووسیا دەبێت پێش هەر گفتوگۆیەک بێت


گێرهارد شرۆیدەر
گێرهارد شرۆیدەر

ئۆکرانیا لێدوانەکانی ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا گێرهارد شرۆیدەری ڕەت کردەوە کە تیایدا گوتبووی ڕووسیا " چارەسەرێکی بۆ جەنگەکە دەوێت کە گفتوگۆی لەسەر بکرێت "، کیێڤ وتی ئەنجامدانی گفتوگۆ بەند دەبێت بە ئاگربەستی ڕووسیا و کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیاوە.

شرۆیدەری هاوڕێی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن، کە لە ئەڵمانیا بەهۆی هەڵوێستییەوە بەرامبەر ڕووسیا بەشێوەیەکی بەرچاو گاڵتەی پێدەکرێت، مانگی ڕابردوو وتی ڕێکەوتن لەسەر هەناردەکردنی گەنم لە ئۆکرانیاوە ڕەنگە ڕێگەیەک بۆ بەرەوپێشەوە چوون خۆش بکات.

ڕۆژی چوارشەممە یەکەمین بارە گەنمی ئۆکرانیا لە سەرەتای جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لە تورکیاوە بەرەو لوبنان بەڕێکەوت.

شرۆیدەر گوتی " هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کرێملن چارەسەرێکی دەوێت کە گفتوگۆی لەسەر بکرێت." گوتیشی هەفتەی ڕابردوو لە مۆسکۆ چاوی بە پوتن کەوتووە. گوتی " یەکەم سەرکەوتن ڕێکەوتنی گەنمەکەیە، ڕەنگە ئەوە بە هێواشی پەرەبسەنێت بۆ ئاگربەست."

لە وەڵامدا، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک شرۆیدەری بە " دەنگی حەوشەی شاهانەی ڕووسیا " ناوبرد و ڕوونیکردەوە کە ڕێکەوتن لەسەر هەناردەکردنی گەنم پەرەناسەنێت بۆ گفتوگۆکردن.

پۆدۆلیاک گوتی " ئەگەر مۆسکۆ گفتوگۆی دەوێت ئەوا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەودایە، ئاگربەست ئینجا کشانەوەی هێزەکان و دواتر گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە."

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا گوتی " هەموو ڕۆژێک گوێمان لەم ئامادەباشییە دەبێت و دەیبینین: بۆردومانکردن، تیرۆری موشەکی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، تاوانی دڕندانەی بە کۆمەڵ. ڕووسیا سەنگی خستۆتەسەر جەنگ، هەموو شتەکانی دیکە تەنها شاردنەوەیە."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG