Accessibility links

زێلێنسکی دەڵێت ' تۆڵە گەورەکەی ' ڕووسیا دەستیپێکردووە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت ڕووسیا " تۆڵە گەورەکەی " لە بەرخۆدانەکەی ئۆکرانیا دەستپێکردووە، لە کاتێکدا کە ڕووسیا بانگەشەی کۆمەڵێک دەستکەوتی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا.

ماوەی چەند هەفتەیەکە زێلێنسکی هۆشداری دەدات لەسەر ئەوەی مۆسکۆ ئامانجی ئەوەیە هێرشەکانی لە ئۆکرانیا زیاتر بکات، ئەوەش دوای دوو مانگ لە چەقبەستوویی بە درێژایی هێڵەکانی پێشەوە کە بە سەرانسەری ڕۆژهەڵات و باشووردا درێژ دەبێتەوە.

لە کاتێکدا کە هیچ ئاماژەیەک نەبووە لەسەر هێرشی نوێ، بەرپرسی ئەو بەشانەی هەرێمی دۆنێتسک کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادان، دێنیس پوشیلین، وتی هێزەکانی ڕووسیا پێگەیەکییان لە ڤوهلیدار مسۆگەر کردووە، ڤۆهلیدار شارۆچکەیەکە کە کانە خەڵوزی تێدایە و لە سەرەتای جەنگەکەوە پاشماوەی شارۆچکەکە قەڵای ئۆکرانییەکان بووە.

ڕاوێژکارەکەی پوشیلین، یان گاگین وتی هێزەکانی گروپی بەکرێگیراوی واگنەری ڕووسی بەشێکی ئەو ڕێگایەیان کۆنتڕۆڵ کردووە کە پێداویستییەکانی پیادا تێپەڕ دەبێت بۆ باخموت. باخموت شارێکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایە و ماوەی چەند مانگێکە ڕووسیا هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدات.

ڕۆژێک لەوەوبەر، بەرپرسی واگنەر وتی چەکدارەکانی گوندی بلاهۆداتنییان کۆنتڕۆڵ کردووە کە دەکەوێتە باکووری شاری باخموتەوە.

کیێڤ وتی بەرپەرچی هێرشەکانی سەر بلاهۆداتنی و ڤوهلیداری داوەتەوە، ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دۆخەکەی ئەوێ پشتڕاست بکاتەوە. بەڵام ئەو شوێنانەی کە هەواڵی شەڕییان تێدایە بە ڕوونی ئاماژە بە دەستکەوتی قۆناغ بە قۆناغی ڕووسیا دەدەن.

زێلێنسکی وتی سەرەڕای کوژران و برینداربوونی سەربازە ڕووسییەکان، هێرشەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵات بێباکانە بوون، وتی تۆڵەیەک بوون بۆ سەرکەوتنەکانی ئۆکرانیا لە دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە کیێڤی پایتەخت و باکووری ڕۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکەدا.

وتی " پێم وایە ڕووسیا بە ڕاستی تۆڵەسەندنەوە گەورەکەی دەوێت. پێم وایە دەستیان پێکردووە."

زێلێنسکی لە شاری ئۆدێسای باشووری ئۆکرانیا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەموو ڕۆژێک یان ئەوەتا دەبینین هێزی ئاسایی زیاتر دەنێرن یان زیادبوونی ژمارەی واگنەرەکان دەبینین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG