Accessibility links

ڕاپۆرت: ڕووسیا نزیکەی 350,000 سەربازی لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیا لەدەستداوە


ڕۆژنامەی The Kyiv Independent لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت ڕووسیا نزیکەی 350,000 سەربازی لە ئۆکرانیا لە دەستداوە.

ڕۆژنامەکە وتی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە تاوەکو ئێستا 347,070 سەربازی ڕووسیایی کوژراون، 1250 سەربازییان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا کوژراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت ڕووسیا " 5,739 تانک، 10,692 ئوتومبێلی زریپۆشی شەڕکەر، 10,766 ئوتومبێل و تانکی سوتەمەنی، 8,137 سیستمی تۆپهاوێژ ، 923 سیستمی موشەک هاوێژەر، 609 سیستمی بەرگری ئاسمانی، 324 فڕۆکە، 324 هێلیکۆپتەر، 6,278 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 22 کەشتی و بەلەم و ژێرئاوگەڕێکی لە دەستداوە."

هاوکات سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ئۆکرانیا بەرگرییە ئاسمانییەکانی پتەوتر دەکات، وتی " پێشتر ڕێککەوتنێکمان لەسەر ئەمە کردووە، بابەتی سیستمی بەرگری ئاسمانی لە هەموو کۆبوونەوەکاندا و لەگەڵ سەرکردەکانی جیهاندا باسی لێوەکراوە. سیستمی زیاتر دەبێت، ئاسمانمان زیاتر دەپارێزین."

وتیشی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئۆکرانیا 104 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی لە کۆی 112 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خستووەتە خوارەوە.

ڕۆژی شەممە لە ماوەی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی هێزەکان و گروپەکانی ڕاوکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان لە کۆی 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی ئێرانی خستووەتە خوارەوە، هێرشەکان 11 هەرێمی ئۆکرانیایان کردە ئامانج، لەوانەش، کیێڤی پایتەخت و خێرسۆنی باشوور و خمیلنیتسکی ڕۆژئاوا.

XS
SM
MD
LG