Accessibility links

لەهێرشێکی ڕووسیا بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکانی ئۆکراین، چەند هاووڵاتییەکی مەدەنی دەکوژرین و بریندار دەبن


کاربەدەستانی ئۆکرانیا باس لە گیانلەدەستدانی دوو هاوڵاتی مەدەنی دەکەن لە کاتی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ڕووسی بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا.

پارێزگاری خارکیڤ ڕۆژی شەممە20ی مانگی حەوت ڕایگەیاند مووشەکەکانی ڕووسیا زیانیان بە دامەزراوە وزە و ژێرخانی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

بە گوتەی ئۆلێ سینیهۆبۆڤ، مووشەکەکانی ڕووسیا لە شارۆچکەیەکی بچووک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتوونەتە سەر دامەزراوەیەکی مەدەنی و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوبراو وردەکاریی لەبارەی دامەزراوەکان نەخستووەتەڕوو، بەڵام لە تێلێگرامدا نووسیویەتی زیاتر لە 50 خانووی نیشتەجێبوون و بینای ئیداری و بازرگانیش لەم هێرشانەدا زیانیان پێگەیشتووە.

هەروەها پەرلەمانتارێکی پێشووی ئۆکرانیا کە ناسرابوو بەوەی کە هەوڵی بەرزڕاگرتنی زمانی ئۆکرانیایی دەدا لەلایەن چەکدارێکی نەناسراوەوە لەسەر شەقامێک تەقەی لێکرا و کوژرا.

ئایرینا فاریۆنی تەمەن 60 ساڵ سەرەتا لە هێرشەکەی ڕۆژی هەینیدا لە شاری لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا ڕزگاریبوو، بەڵام دواتر بەهۆی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا. لە ئێستادا بەرپرسان دەگەڕێن بەدوای هێرشبەرەکەدا. بەرپرسانی ئۆکرانیا وتییان لێکۆڵینەوەیەک دەستیپێکردووە و هێرشەکەش وەکو هێرشێک بۆ کوشتن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " کار لەسەر سەرجەم کامێرا چاودێرییەکان دەکرێت، قسە لەگەڵ شایەتحاڵەکاندا دەکرێت و پشکنین بۆ چەندین ناوچە کراوە. هەموو سەرەداوەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، ئەو سەرەداوەش کە دەچێتەوە سەر ڕووسیا."

وتی " سەرجەم هێزە پێویستەکانی پۆلیسی نیشتیمانی ئۆکرانیا و دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا ڕەوانەکراون بۆ گەڕان بە دوای تاوانبارەکەدا."

فاریۆن لە ساڵانی نێوان 2012 و 2014 دا ئەندام بووە لە پەرلەمانی ئۆکرانیادا، بەوە ناسراوە کە کەمپینی کردووە بۆ بەرزڕاگرتنی بەکارهێنانی زمانی ئۆکرانیایی لەلایەن بەرپرسانی ئۆکرانیاوە کە بە زمانی ڕووسیایی قسەیان کردووە. ڕەخنەی لەو ئەندامانەی یەکەی ئازۆڤی ئۆکرانیا گرتووە کە بە زمانی ڕووسیایی قسەیان کردووە، ئەو یەکەیەی کە بەرگری لە شاری ماریۆپۆڵ کرد لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG