Accessibility links

کیێڤ زیاتر لە 100 دڕۆن ئاڕاستەی ڕووسیا دەکات پاش ئەوەی لە هێرشێکی موشەکیشدا بۆ سەر ئۆکرانیا 17 کەس برینداربوون


بەرپرسانی ڕووسیا دەڵێن بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا زیاتر لە 100 دڕۆنی ئۆکرانیایان بەسەر هەرێمەکانی ڕۆژئاوای ڕووسیاوە خستووەتە خوارەوە، هاوکات 17 کەس لە هێرشێکی موشەکی باڵیستیکیدا بۆ سەر شاری کریڤی ڕی ئۆکرانیا بریندار بوون.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی 110 دڕۆن تێکشکێندراون کە شەوی ڕابردوو ئاڕاستەی حەوت هەرێمی ڕووسیا کراون. زۆربەی دڕۆنەکان هەرێمی کورسکییان کردووەتە ئامانج کە سنووری بە ئۆکرانیاوەیە، لەو هەرێمەدا 43 دڕۆن خراونەتە خوارەوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەبیندرێت بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا بەسەر شاری دزیرژینسکی هەرێمی نیژنی نۆڤگۆرۆدەوە کارییان کردووە، لە نزیک کارگەیەکی دروستکردنی تەقەمەنییەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمەکە گلێب نیکیتین ڕۆژی یەکشەممە وتی چوار کارمەندی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە برینداربوون لە کاتێکدا بەرپەرچی هێرشێکی دڕۆنییان داوەتەوە بەسەر ناوچەی پیشەسازی دزیرژینسکیەوە.

هاوکات بەرپرسانی ئۆکرانیا وتییان لە هێرشێکی موشەکی ڕووسیادا بۆ سەر شاری کریڤی ڕی ئۆکرانیا 17 کەس بریندار بوون.

بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی ناوخۆی شارەکە ئۆلیکساندەر ڤیلکول وتی هێرشە موشەکییەکە زیانی بە ماڵ و شوێنی کارەکان گەیاندووە.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی ڕووسیا 49 دڕۆن و دوو موشەکی باڵیستیکی ئیسکاندەر – ئێمی هەڵداوە. وتی 31 دڕۆنییان بەسەر دوانزە هەرێمدا خستووەتە خوارەوە، بەسەر کیێڤی پایتەختیشەوە، هاوکات 13 دڕۆنی دیکە دیارنەماون.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ڕووسیا تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 800 بۆمبی ئاڕاستەکراو و زیاتر لە 500 دڕۆنی هێرشکردنی بەسەر ئۆکرانیادا هەڵداوە.

وتی " هەموو ڕۆژێک ڕووسیا هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر شار و کۆمەڵگەکانمان. ئەوە تیرۆرێکی بە مەبەستی دوژمنە دژی گەلەکەمان."

وتی " ئەگەر لە بەرگریدا یەکگرتوو بین ئەوا جیهان دەتوانێت دژی ئەم تیرۆر بە ئامانجە بوەستێت."

XS
SM
MD
LG