ڕۆژی هەینی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا ڕێکەوتن لەسەر هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی زیادبوونی قەیرانەکانی خۆراک بۆ ملیۆنان کەس لە جیهاندا.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لەمیانەی واژۆکردنەکەدا بە نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکرانیای وت " دەبێت زاڵ ببن بەسەر بەربەستەکاندا و جیاوازییەکانتان بخەنە لاوە و ڕێگە خۆش بکەن لەبەردەم دەستپێشخەرییەکدا کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەمووان بکات." دانیشی بەوەدانا کە ئەم ڕێکەوتنە " بە ئاسانی نەبووە."
گۆتیرێش وتی " بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانی مرۆیی هێزی بزێنەری ئەم گفتوگۆیانە بوون. پرسەکە ئەوە نەبوو چی بۆ ئەم لایەن یاخود ئەو لایەنە باشە. سەنگەکە لەسەر ئەوە بووە چی شتێک لە هەمووی گرنگترە بۆ خەڵکەکە و جیهانەکەمان. هیچ گومانێکیش لەوەدا نیە کە ئەمە ڕێکەوتنێکە بۆ هەموو جیهان."
ئۆکرانیا وڵاتێکی سەرەکییە لە هەناردەکردنی گەنمدا، ساڵانە گەنمەکەی بەشی 400 ملیۆن کەس دەکات، بەڵام لە ئێستادا نزیکەی 20 تەن گەنمی لە سایلۆکانی و بەندەرەکانی لە دەریای ڕەشدا لەلایەن ڕووسیاوە گەمارۆدراوە.
وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ و وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا ئۆلێکساندەر کوبراکۆڤ ڕێکەوتنەکەیان واژۆ کرد، ڕێکەوتنەکەش بە دەستپێشخەری دەریای ڕەش ناسراوە، لەلایەن وەزیری بەرگری تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێشەوە واژۆ کرا، هاوکات سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش ئامادە بوو.
ئەردۆغان وتی " ئەم هەنگاوە هاوبەشەی ئەمڕۆ لە ئیستەنبوڵ دەیگرینەبەر، پێکەوە لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا، خاڵێکی وەچەرخانی نوێ دەبێت کە هیواکان بۆ ئاشتی زیندوو دەکاتەوە، ئەمە هیوای منە." وتیشی هیوادارە " ئەو کەشە ئاشتی و هاوڕێییانەی کە لە دەستپێشخەری دەریای ڕەشدا بونیادنراون لە کۆتاییدا ببنە هۆی گرتنەبەری هەنگاوی گۆڕانکاری بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە."
ڕێکەوتنە سەرەتاییەکە بۆ 120 ڕۆژە، بەڵام بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ڕێکەوتنەکە دەبێت تاوەکو جەنگەکە هەبێت بەردەوام بێت.
چەند مانگێکە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیادا لەسەر دوو ئاڕاستەی هاوتەریب کاردەکات: ئاڕاستەیەکیان بۆ لابردنی گەمارۆکەی سەر بەندەرەکانی باشووری ئۆکرانیایە لە دەریای ڕەش، دووەمیان کارئاسانیکردنە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و پەینی ڕووسیا و هەناردەکردنیان بۆ بازاڕەکانی جیهان. ڕووسیاش بە هەمان شێوە وڵاتێکی سەرەکییە لە هەناردەکردنی گەنمدا و یەکەمین وڵاتیشە لە بەرهەمهێنانی پەیندا. لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، نرخی پەین لە بازاڕەکانی جیهاندا دوو هێندە بووە و لەبەرامبەریشد تێچووی بەرهەمەکانی زیاتر کردووە.
بەپێی ڕێکەوتنەکە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا کەشتیە ئۆکرانییەکان دەست دەکەن بە بارکردنی گەنمەکە لە بەندەرەکانی ئۆدێسا و چێرنۆمۆرسک و یوژنییەوە، هاوکات ناوەندێکی هەماهەنگیکردن لە ئیستەنبوڵ داندراوە بۆ چاودێریکردنی ئەرکەکانی گواستنەوەی گەنمەکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پێش داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، 276 ملیۆن کەس لە جیهاندا ڕووبەڕووی کەمی خۆراک ببوونەوە، ئێستا بەرپرسان دەڵێن ئەو ژمارەیە بەرزبۆتەوە بۆ 345 ملیۆن کەس. پێشبینی دەکرێت ڕێکەوتنەکە باری سەر شانی ملیۆنان کەس کەم بکاتەوە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراکەوە زیانییان بەرکەوتووە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا