Accessibility links

ئۆکرانیا: تۆپهاوێژەکانی ڕۆژئاوا سوودییان بۆ ئۆکرانیا هەبووە


میکۆلایڤ، ئۆکرانیا
میکۆلایڤ، ئۆکرانیا

فەرمانڕەوای هەرێمی میکۆلایڤی ئۆکرانیا دەڵێت ئەو سیستمی تۆپهاوێژانەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئۆکرانیایان داوە، سوودییان بۆ ئۆکرانیا هەبووە و " بابەتەکە تەنها کاتە " پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا خاکێکی زۆر لە باشووری وڵاتەکە بگرنەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی میکۆلایڤ ڤیتالی کیم کە بەشێک لە هەرێمەکەی لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە، بە ڕۆیتەرزی وت هێزەکانی ئۆکرانیا لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا " هەندێک سەرکەوتنیان " لە هێرشە پێچەوانەکانیاندا لە هەرێمی خێرسۆنی دراوسێی میکۆلایڤ بەدەستهێناوە.

کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا چەکەکانی ڕۆژئاوا سوودییان هەبووە بۆ ئۆکرانیا، وتی " سوودییان هەیە، سەرکەوتنی زیاتریش بەدەست دەهێنین."

وتی " ئێمە باس لە تۆپهاوێژ دەکەین، سوودییان هەیە لە هەرێمەکەماندا." بەڵام ڕەتی کردەوە ئاماژە بەوە بدات چی جۆرە سیستمێکی تۆپهاوێژی ڕۆژئاوا لە هەرێمەکەیدا بوونیان هەیە.

وتیشی بۆ ئەوەی سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنین لە باشووری وڵاتەکەدا، وەکو گرتنەوەی هەرێمی خێرسۆن کە لەلایەن ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵکراوە، ئۆکرانیا پێویستی بە هێزی زیاتر دەبێت، ئیتر لەڕێی ئازادکردنی هێزەکانەوە بێت لە ڕۆژهەڵات یاخود لە ڕێی بڵاوکردنەوەی هێزی زیاترەوە بێت.

کیێڤیش ئەوە دەزانێت کە هێشتا شارە گەورەکانی وەکو میکۆلایڤ و زاپۆریژا لەژێر مەترسی ئەوەدان ڕووسیا هێرشی نوێ بکاتەوە سەرییان.

کیم وتی " پێم وایە لە چەند مانگی داهاتوودا دەرفەتیان دەبێت هێرش بکەنە سەر زاپۆریژا و میکۆلایڤ. بەڵام بۆ ئێستا نەمانبینیوە هێزەکانی ڕووسیا خۆیان ڕێکبخەنەوە، سوپای گەورەمان نەبینیوە هێرش بکات."

وتیشی لەکاتێکدا شتەکان لە ئێستا بە خاوی دەڕۆن، " بارودۆخەکە ڕەنگە زۆر بەخێرایی بگۆڕدرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG