Accessibility links

کۆنفرانسی ئاشتی ئۆکرانیا لە سویسرا هەوڵی بە دەستهێنانی کۆدەنگی دەدات


زلهێزەکانی جیهان و وڵاتانی دیکە ڕۆژی یەکشەممە لە کۆنفرانسی ئاشتی ئۆکرانیادا لە سویسرا هەوڵی کۆدەنگییەکییاندا لەسەر چۆنێتی کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا، بەڵام هەندێک لە وڵاتان ڕەنگە پشتیوانی لە دەرەنجامە کۆتاییەکانی کۆنفرانسەکە نەکەن و هێشتا هیچ ڕوونییەک نیە لەسەر ئەوەی ئایا گفتوگۆکان لە داهاتوودا ڕووسیایان تێدا دەبێت یاخود نا.

زیاتر لە 90 وڵات ئامادەی کۆنفرانسە دوو ڕۆژەییەکەی سویسرا بوون لەسەر داوای سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی.

بەڵام ڕووسیا کە بانگهێشت نەکراوە بۆ کۆنفرانسەکە، ڕوونی کردووەتەوە کە نەیویستووە ئامادە بێت، وتوویەتی کۆنفرانسەکە کات بە فیڕۆدانە و لە جیاتی ئەوەی سوودی هەبێت پێشنیارەکانی دوو وڵاتەکەی دوورتر کردووەتەوە لە یەکتر. چینیش بەشداری نەکردووە.

بەڵام هێشتا کۆنفرانسەکە دەریخست کە پشتیوانییەکی بەرفراوان لە ئۆکرانیا دەکرێت لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە، هەروەها ئاڵنگارییەکانی دەرخست بۆ هەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڕەوشێکی خراپدان بەهۆی دواکەوتنی یارمەتییەکانی ڕۆژئاواوە. ڕووسیا نزیکەی لە سەدا 20 ی خاکی ئۆکرانیای کۆنتڕۆڵ کردووە.

دەقی دوایین ڕاگەیاندنەکەی کۆنفرانسەکە کە لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بیندراوە داگیرکارییەکەی ڕووسیا بە " جەنگ " ناودەبات، ڕووسیاش ئەوە ڕەت دەکاتەوە، هەروەها داوای گەڕاندنەوەی کۆنتڕۆڵی ئۆکرانیا دەکات بەسەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژا و بەندەرەکانی ڕووباری ئازۆڤدا.

دەقەکە کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 13 ی مانگی شەش، داوای کردووە ڕێز لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا بگیردرێت.

بەڵام باسی لە پرسەکانی دوای جەنگ نەکردووە، ئایا ئۆکرانیا پەیوەندی دەکات بە هاوپەیمانێتی ناتۆوە یاخود کشانەوەی هێزەکان لە هەردوولاوە چۆن دەبێت.

ڕاوێژکاری نەمسا کارڵ نیهامەر وتی بەکارهێنانی وشەکان لە ڕاگەیاندنەکە ڕەنگە شکست بهێنێت لە دەستکەوتنی پشتگیرییەکی زۆرینەدا.

ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە هیوادارن وڵاتێکی دیکەش میوانداری ئەم جۆرە کۆنفرانسانە بکات، ئەگەری هەیە سعودیە بێت، بەڵام نیهامەر وتی هێشتا زۆر زووە بزانرێت ئەو جۆرە کۆنفرانسە چی فۆرماتێک وەردەگرێت و ئایا ڕووسیا بەشداری تێدا دەکات یان نا. کۆنفرانسێکی دیکەی ناوەندکار بەبێ بەشداری مۆسکۆ ڕەنگە پێویست بێت.

وتی " بە بۆچوونی من، ڕاگەیاندنەکە لەلایەن هەمووانەوە واژۆ ناکرێت، چونکە ئەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی وشەکانە، بەڵام تەنانەت ئەوانەشی کە واژۆی ناکەن هەموویان ڕوونییان کردووەتەوە کە هەڵوێستیان هەمان هەڵوێستە، ئەوەیە کە جەنگەکە دەبێت کۆتایی بێت."

وتی " هەتاوەکو هاوپەیمانی زیاتر بدۆزیتەوە و بڵێن ' نابێت شتەکان بەم شێوەیە بەردەوام بن ' یان بڵێن ' ئەمە زۆر زۆرە '، ئەوە دەتوانێت فشارە ئەخلاقییەکانی سەر فیدراسیۆنی ڕووسیا زیاتر بکات."

ڕووسیا گفتوگۆکردنی لەگەڵ ئۆکرانیادا لە داهاتوودا بە دوور نەزانیوە، بەڵام دەڵێت پێویستمان بە گرەنتی هەیە بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لە ڕاستی هەر گفتوگۆیەک.

سەرچاوەیەک وتی هێشتا ڕوون نیە کە ئایا سعودیە ڕۆژی یەکشەممە لە کۆنفرانسەکەدا ڕایدەگەیەنێت کە میوانداری گفتوگۆکانی دواتر دەکات یان نا.

هەریەک لە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەی سویسرادا کرد، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ زیادکردنی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

زۆرێک لە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا سەرکۆنەی داگیرکارییەکەیان کردووە و داواکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنییان بۆ وەرگرتنی چەند بەشێکی ئۆکرانیا وەکو مەرجێک بۆ ئاشتی ڕەت کردووەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا سەبارەت بە ڕاگەیاندنی کۆتای کۆنفرانسەکە کە دواتر بڵاودەکرێتەوە وتی " دەقەکە هاوسەنگە، سەرجەم هەڵوێستە بنچینەییەکانمان کە ئۆکرانیا سوور بووە لەسەرییان لەبەرچاو گیراون."

وتی " بێگومان بە باشی لەوە تێدەگەین کە کاتێک دێت کە پێویست دەبێت قسە لەگەڵ ڕووسیادا بکەین. بەڵام هەڵوێستمان زۆر ڕوونە: ڕێگە نادەین بە ڕووسیا بە زمانی دوا ئاگاداری قسە بکات بەو شێوەیەی کە ئێستا قسە دەکات."

هەندێک لە سەرکردەکان زووتر کۆنفرانسەکەیان جێهێشت، گفتوگۆکانی ڕۆژی یەکشەممەش بەرەو هەوڵدان بۆ هەڵوێستێکی هاوبەش لەسەر ئاسایشی ئەتۆم و خۆراک گۆڕان، هەروەها گەڕانەوەی زیندانییانی جەنگ و ئەو منداڵانەی لە ماوەی جەنگەکەدا لە ئۆکرانیا دوورخراونەتەوە.

زێلێنسکی ستایشی کۆنفرانسەکەی کرد وتی دەرخستنی پشتیوانییەکی نێودەوڵەتییە بۆ کیێڤ، ئەمەش تەنانەت لە کاتێکدا کە هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ئەوروپا وتییان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانتر پێویستە.

ئامانجێکی سەرەکی ڕێکخەرە سویسرایی و ئۆکرانیاییەکان ئەوە بوو کە ڕۆژی یەکشەممە ناوی ئەو وڵاتە ڕابگەیەنن کە کۆنفرانسی دواتری تێدا ئەنجام دەدرێت.

سعودیە یەکێکە لە خوازراوەکان، وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود وتی سعودیە ئامادەیە یارمەتی پڕۆسەی ئاشتی بدات بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە چارەسەرێکی بەردەوام پەیوەستە بە " سازشێکی سەختەوە."

سەرۆکی پێشووی ڕووسیا و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە ئێستادا دمیتری مێدڤیدیڤ وتی " هیچ کام لە بەشداربووانی کۆڕبەندەکەی ئاشتی نازانێت بۆچی لەوێیە و ڕۆڵەکەی چییە."

سویسراش لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ڕەخنەی لێگیرا لەسەر کۆنفرانسەکە. نیڵس فیچتەری پارتی گەلانی سویسرای ڕاستڕەوی توندڕەو لەسەر کەناڵی ڕووسیا تودەی دەرکەوت و هۆشداریدا لەوەی کە کۆنفرانسەکە بێلایەنی سویسرای خستووەتە مەترسییەوە و دەبووایە ڕووسیاش بەشداربوایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG