Accessibility links

ئۆکرانیا پەنا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەبات


وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا، نەتەوە یەکگرتووەکان
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا، نەتەوە یەکگرتووەکان

ئۆکرانیا پەنای بۆ کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان برد بۆ ڕاگرتنی " پلانە دوژمنکارییەکانی " ڕووسیا، لەکاتێکدا ڕووسیا دەڵێت ناتوانێت " کۆمەڵکوژیی" ئەو هاوڵاتیانەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا قبوڵ بکات کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش و ئەمەریکا تۆمەتەکانی ڕووسیایان بۆ کۆمەڵکوژی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕەت کردەوە.

کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئۆکرانیا بەڕێوەچوو، هاوکاتیش بوو لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکاندا سەبارەت بەو 150,000 سەربازە ڕووسیەی کە لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکراون و ئەمەریکا دەڵێت ئامادەن بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا. ڕووسیا ڕەتی کردۆتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت.

لەم هەفتەیەدا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن دوو هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند و فەرمانی کرد هێزەکانی ڕووسیا ڕەوانەی دوو هەرێمەکە بکرێن، ئەوەش لە پێناو " پاراستنی ئاشتیدا." ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیشی لە وەڵامدا کۆمەڵێک سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاند.

لە کۆبوونەوەکەدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی " فراوانبوونی ململانێکان لە ئۆکرانیا پێدەچێت ببێتە هۆی زیانێکی گەورە کە چەند ساڵێکی زۆرە نەبیندراوە." هەروەها داوای گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان و ئاگربەستی کرد.

لەکاتێکدا کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ ڕێوشوێنێک ناگرێتەبەر، کۆبوونەوەکە دەرفەت دەداتە دەیان وڵات تاوەکو بە ئاشکرا بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە قەیرانەکانی ئۆکرانیا دەرببڕن، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی هیوادارن وڵاتانی جیهان ڕووسیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داببڕن.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە پێکەوە پیشانی ڕووسیای بدەین کە دابڕاوە و لە کارە دوژمنکارییەکانیدا بە تەنهایە."

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیتری کۆلیبا وتی " ئەگەر پوتن ڕەوشەکە خراپتر بکات ئەوا هیچ کەس ناتوانێت ئەم قەیرانە چارەسەر بکات."

وتی " دیبلۆماسیەکی چالاک و پەیامی سیاسیی بەهێز و سزای ئابووری قورس و بەهێزکردنی ئۆکرانیا، ئەمانە هێشتا دەتوانن ڕووسیا ناچار بکەن دەستبەرداری پلانە دوژمنکارییەکانی ببێت."

باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا لە ئاماژەیەکدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا وتی " بەپێی ئەو کۆمەڵکوژییە بێ شەرمانەیە و ڕۆیشتن بەسەر گرنگترین مافەکانی مرۆڤدا، لەوانەش مافی ژیان، وڵاتەکەمان چیتر ناتوانێت کەمتەرخەم بێت بەرامبەر چارەنووسی 4 ملیۆن هاوڵاتی لە دۆنباس."

هەروەها ڕەخنەی لە گۆتیرێش گرت لەسەر لێدوانەکانی سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و وتی " لێدوانەکانی لەگەڵ پێگە و پابەندبوونی بە یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناگونجێت."

وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا تۆبیاس لیدنەر داوای لە وڵاتانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کارەکانی ڕووسیا ڕەت بکەنەوە و هۆشداریدا لەسەر ئەوەی " ئەگەر ڕەتی نەکەنەوە ئەوا ئەوەی ئەمڕۆ لە ئۆکرانیا ڕوویداوە سبەینێ لە وڵاتێکی دیکەی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوودەداتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG