ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی دواجار جەنگەکە لەگەڵ ڕووسیادا بە گفتوگۆ تەواو دەبێت، بەڵام کیێڤ دەبێت لە پێگەیەکی بەهێزدا بێت و پلانێک پێشکەشی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و هەردوو بەربژێرەکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی لەشکرکێشییە سێ هەفتەییەکەی ئۆکرانیا بۆ ناو هەرێمی کورسکی ڕووسیا بەشێک بووە لەو پلانە، بەڵام هەنگاوی دیکەشی تێدایە لە ڕووی ئابووری و دیبلۆماتییەوە.
زێلێنسکی وتی " خاڵی سەرەکی ئەم پلانە ناچارکردنی ڕووسیایە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە. منیش ئەوەم دەوێت و دادپەروەرانە دەبێت بۆ ئۆکرانیا."
زێلێنسکی باسی لە وردەکاریی هەنگاوەکانی دیکە نەکرد، بەڵام وتی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرسی دیموکرات و ڕەنگە لەگەڵ دانۆڵد ترامپی کۆماریشدا تاوتوێی پلانەکە بکات. ترامپ و هێرس هەردووکییان بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
زێلێنسکی وتی هیوادارە لە مانگی نۆدا سەردانی ئەمەریکا بکات بە مەبەستی ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک و ئامادەکاری دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بایدندا.
لە مانگی شەشدا یەکەم کۆڕبەند بۆ بەرەوپێشبردنی دیدی ئۆکرانیا بۆ ئاشتی لە سویسرا بەڕێوەچوو و ڕووسیای تێدا بانگهێشت نەکرابوو، ژمارەیەک زۆر لە نوێنەرانی وڵاتانی جیهان ئامادەبوون، بەڵام چینی دووەم گەورەترین ئابووری جیهان ئامادە نەبوو.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ لە 19 ی مانگی هەشتدا وتی گفتوگۆکردن مەحاڵە دوای ئەوەی ئۆکرانیا لە 6 ی مانگی هەشتدا لەشکرکێشییەکەی بۆ ناو هەرێمی کورسکی ڕووسیا دەستپێکرد.
هەفتەی ڕابردوو سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی سەردانی کیێڤی کرد، ڕۆژی سێشەممە لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کرد و پێی وتووە کە پشتگیری لە چارەسەرێکی پێشوەخت و ئاشتییانە دەکات بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز