Accessibility links

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی تیگرای دەکات


جێگری بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی هەرێمی تیگرای ئیسیوپیای کرد و داوای کرد ڕێگە بدرێت بەشێوەیەکی فراوانتر یارمەتیە مرۆییەکان بگەنە دەستی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمەکەدا، لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی تیگرای و هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا زیادیکردووە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ میکێلی پایتەختی هەرێمی تیگرای، مارتن گریفیث لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمەکەدا کۆبۆتەوە و جەختی لەوە کردۆتەوە " پێویستە یارمەتیە مرۆییەکان بگەنە دەستی هاوڵاتیانی مرۆیی و ئەو هاوڵاتیانەش بپارێزرێن کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تیگرایدا دەژین."

دواتر گریفیث گەڕاوەتەوە بۆ ئادیس ئابابای پایتەختی ئیسیوپیا.

سەرچاوەکانی دیکە دەڵێن کاتێک گریفیث لە میکێلی بووە، بە هەمان شێوە نوێنەری یەکێتی ئەفریقاش بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕابەری بەرەی ڕزگاری گەلی تیگرای دێبریسیۆن گیبریمیکائیلدا لە میکێلی بووە.

بەرەی ئازادی گەلی تیگرای کە ماوەیەکی زۆر فەرمانڕەوایی ئیسیوپیای دەکرد، لەلایەن ئابی ئەحمەدەوە لەسەر دەسەڵات لابرا، دواتر لە ساڵی 2018 دا لەنێوەندی خۆپیشاندانەکان دژی حکومەتدا ئابی بووە سەرۆک وەزیری وڵاتەکە.

دواتر گیبریمیکائیلی ڕابەری بەرەی ئازادی گەلی تیگرای کشایەوە بۆ هەرێمی تیگرای لە باکووری ئیسیوپیا.

دوای چەند مانگێک لە گرژییەکان، لە مانگی یانزەی ساڵی 2020 دا ئابی ئەحمەد سوپای ڕەوانەی تیگرای کرد تاوەکو بەرپرسانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای دووربخەنەوە، بەرەکە بەردەوام بووە لە دژایەتیکردنی دەسەڵاتەکانی ئابی، ئابیش دەڵێت ئەوان بەرپرسن لە هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی حکومەتی ئیسیوپیا.

ئابی ئەحمەد بەزوویی سەرکەوتنی ڕاگەیاند، بەڵام لە مانگی حەوتدا هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای زۆربەی ناوچەکانی هەرێمەکەیان کۆنتڕۆڵکردەوە، دواتر بەرەو هەرێمەکانی ئافار و ئامهارای دراوسێی تیگرای پێشڕەوییان کرد.

لەمدواییانەدا شەڕ و پێکدادانەکان زیادییان کردووە، هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای بەرەو ئادیس ئابابای پایتەخت پێشڕەویی دەکەن و دەیانەوێت ئابی ئەحمەد لەسەر دەسەڵات لاببەن.

داواکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ ڕێکەوتنێکی ئاگربەست لەنێوان لایەنەکانی شەڕی ناوخۆی ئیسیوپیادا سوودی نەبووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG