Accessibility links

سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان داوا لە جیهان دەکات چیتر چەک نەدەن بە ئیسڕائیل


سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس لە ماوەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس لە ماوەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس لە ماوەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ناردنی چەک بۆ ئیسڕائیل ڕابگرن لە پێناو وەستاندنی خوێنڕشتنەکاندا لە کەناری ڕۆژئاوا و غەززەدا.

عەباس وتی واشنتن بەردەوامە لە دابینکردنی چەک و داپۆشینی دیبلۆماتی بۆ ئیسڕائیل بۆ جەنگەکەی لە غەززەدا، سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی کوژراوەکان لە غەززەدا.

مەحمود عەباس لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " ئەم تاوانە ڕابگرن، هەر ئێستا ڕایبگرن. کوشتنی ژنان و منداڵان ڕابگرن. کۆمەڵکوژی ڕابگرن. ناردنی چەک بۆ ئیسڕائیل ڕابگرن. ئەم شێتییە ناکرێت بەردەوام بێت. سەرانسەری جیهان بەرپرسە لەوەی کە بەسەر گەلەکەمان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا ڕوودەدات."

زۆرینەی دانیشتوانە 2.4 ملیۆنەکەی غەززە لە جەنگەکەدا ئاوارە بوون، جەنگەکەش بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد.

عەباس وەکو ئاماژەیەک بۆ ڤیتۆکانی ئەمەریکا دژی سانسۆرکردنی کەمپینەکەی ئیسڕائیل لە غەززە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وتی " ئەمەریکا بە تەنها وەستا و وتی : نەخێر، شەڕەکە بەردەوام دەبێت، ئەمەی لە ڕێی بەکارهێنانی ڤیتۆوە کرد."

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە هەوڵی دیبلۆماسیداوە بۆ خستنەوەی ئاگربەستێک لە غەززەدا و لەگەڵ میسڕ و قەتەڕدا بەردەوام نێوەندگرییان کردووە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک و ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسڕائیلییانەی کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە گیراون.

عەباس وتیشی " بە چەکی کوشندە ئیسڕائیلی نوێ کردەوە کە ئیسڕائیلیش بەکاریهێنان بۆ کوشتنی هەزاران هاووڵاتی سڤیلی بێتاوان و ژن و منداڵ. ئەمە زیاتر هانی ئیسڕائیلیدا بۆ بەردەوامبوون لە دوژمنکارییەکەی." وتیشی ئیسڕائیل " شایەنی ئەوەی نیە " لە نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.

عەباس لە وتارەکەیدا وتی ئیسڕائیل بە ڕەتکردنەوەی داواکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەریخستووە کە نابێت بەشێک بێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان. وتی " ئیسڕائیل کە ڕەتی دەکاتەوە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکات، شایەنی ئەوەی نیە ئەندام بێت لەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەدا."

ئیسڕائیل بە خێرایی هێرشی کردە سەر وتارەکەی عەباس لەسەر ئەوەی سەرکۆنەی حەماسی نەکردووە.

باڵیۆزی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی دانۆن وتی " تەنها کاتێک کە لەسەر سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان دەوەستێت باس لە چارەسەری ئاشتییانە دەکات. هیچ دووڕوویی و درۆیەکی لەمە گەورەتر بوونی نیە."

وتیشی " میراتی عەباس یەکێکە لە لاوازییە درێژخایەنەکان لەبەردەم تیرۆر و ڕق و کینەدا."

هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە کەرتی غەززەدا. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشەدا 1205 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیران. بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن تاوەکو ئێستا 41,534 فەلەستینی کوژراون.

لە کۆی ئەو 251 بارمتەیەی کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە لەو ڕۆژەدا گیران، 97 کەسییان هێشتا لە کەرتی غەززەدا ماونەتەوە، سوپای ئیسڕائیل دەڵێت 33 کەس لەو بارمتانە باوەڕوایە مردبێتن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG