وتەبێژێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هەفتەی داهاتوو سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سەردانی پاکستان دەکات، سەردانەکەش دوابەدوای لافاوە مێژووییەکەی ناو ئەو وڵاتە دێت.
وتەبێژەکە گوتی مەبەست لە سەردانەکەی گۆتیرێش بینینی " ئەو ناوچانەیە کە بەهۆی ئەم کارەساتە بێپێشینەیەی گۆڕانی کەش و هەواوە زۆرترین زیانییان بەرکەوتووە."
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک گوتی پێشبینی دەکرێت گۆتیرێش لە 9 ی مانگی نۆدا بگاتە ئیسلامئاباد و لە 11 ی مانگی نۆدا بگەڕێتەوە بۆ نیویۆرک.
لافاوە بێپێشینە مێژووییەکە پاکستان بووە هۆی شۆردنەوەی شەقامەکان و دار و درەختەکان و ژێرخان و پردەکانی وڵاتەکە و گیان لەدەستدانی لانیکەم 1000 کەس لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا و زیانیشی بە زیاتر لە 33 ملیۆن کەس گەیاندووە، کە دەکاتە لە سەدا 15 ی دانیشتوانە 220 ملیۆنییەکەی وڵاتەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز