جنێڤ ٢١ نیسانی ٢٠٢١-شارەزایەکی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشوازی دەکات لە لەخۆگرتنی عیراق بۆ یاسایەکی تایبەت بە قەرەبوکردنەوەی کچان و ژنانی ڕزگاربوو لە توندوتیژیەکانی کە لەلایەن بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام داعشەوە ئەنجامدراون، بەڵام ئەم شارەزایە دەشڵێت کەوا پێویستە شتی زیاتر بکرێت بۆ ئەو منداڵانەی کە لە دەرەنجامی لاقەکردنەوە لە کاتی ململانێکاندا لەدایک بوونە.
یاسای تایبەت بە ڕزگاربووە ئافرەتەکانی ئێزیدی، لە ١ ی ئازاری ٢٠٢١ دا لەخۆگیراوە بە مەبەستی ناساندنی هەموو ئەو تاوانانەی کەلەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون لەدژی ژنان و کچانی سەر بە پێکهاتەکانی ئێزیدی و تورکمان و کرستیان و شەبەک- لە نێو تاوانەکانیشدا تاوانی ڕفاندن و بە کۆیلەکردنی سێکسی و بەزۆر بەشودان و سکپرکردن و لەباربردنی منداڵ- وەک تاوانی کۆمەڵکوژی لەدژی مرۆڤایەتی.
یاساکە هەروەها قەرەبوو پێشکەش بە ڕزگاربوان دەکات لەگەڵ چەند پێوەرێک بۆ دووبارە شیاندنەوەو ئاوێتەکردن بۆ نێو کۆمەڵگا لەگەڵ قەدەغەکردنی ئەم جۆرە تاوانانە لە داهاتوودا. هەرواها ئەم یاسایە موچەو زەوی نیشتەجێبوون و خانوو و پەروەردەو کۆتا لە هەلی کار لە دەزگا حکومیەکاندا پێشکەش دەکات بۆ رزگاربووان.
خاتوو سیسیلیا خیمینێز داماری بڕیاردەری تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی ئاوارەکانی ناوخۆ ووتی" ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو برەودان بە دادپەروەری بۆ هەموو ئەو تاوانانەی کەلەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون."
" کاتێ لە مانگی شوباتی پارساڵ سەردانی عیراقم کرد لەنزیکەوە ئاشنا بووم بە دۆخی کچان و ژنانی ئێزیدی ڕزگاربوو لە دەستی داعش، لەگەڵ ئەو خۆڕاگرییە بەرچاوەیان و هێزو تینیان بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ژیانیان، تاکو ئێستا زۆربەیان بەرداوامن لە ژیانی ئاوارەیی کە دووچاری گەلێک کێشە بوونەتەوەو پێویستیان بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە.
" پێشوازیش لەم یاسایە دەکەم بۆ ناساندنی کچان و ژنانی تورکمان و کرستیان و شەبەکی رزگاربووش لە توندویژیەکانی دەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق وە داواش دەکەم کە یاساکە بە شێوەیەکی بەرفراوان جێبەجێ بکرێت تاوەکو رزگاربوەکانی تریش لە پێکهاتەکەنی تردا بگرێتەوە.
ئەم شارەزایە هەروەها نیگەرانی دەربری بەرامبەر دۆخی ئەو منداڵانەی کە لەدەرەنجامی لاقەکردن لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لەدایک بوونە، چونکە دایکانی ئەم منداڵانە زۆربەی جار دووچاری کێشە دەبنەوە لە تۆمارکردنی منداڵەکان بەهۆێ دیارنەمانی باوکەکان، هەروەها ئەو منداڵانەی کە لەدەرەنجامی ئەم کارانەی داعشەوە لەدایک بوونە لەلایەن پێکهاتەی ئێزیدیەوە ڕەتدەکرێنەوە.
هەروەها خاتوو خێمێنێز داماری ووتی" ئەم منداڵانە دووچاری مەترسی جێهێشتن و وازلیهێنان دەبنەوە، هەروەها دایکەکانیش دووچاری بژاردەیەکی قورس دەبنەوە کە یان دەبێت واز لە منداڵەکانیان بهێنن یانیش لە پێکهاتەکەیان."
"بەداخەوە چارەسەری دۆخی ئەم منداڵانە لەیاساکەدا نەهاتووە، بۆیە داوا لە حکومەتی عیراق دەکەم بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی نێوەندگیری کردن و لێکنەترازانی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ بەشداریپێکردنی زیانپێکەوتوان بەمەبەستی پاراستنی هەریەک لە دایکەکان و منداڵەکانیان و هاوکاریکردنیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەبوونیان."
بڕیاردەری تایبەت هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئەو بەرنامەو دەستپێشخەریانەی کە تێشک دەخەنەسەر قوربانیەکان لە عیراق بەتایبەتیش ئەوانەی کە هاوکار دەبن لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، بەشێوەیەکی تایبەتیش لەڕێگەی لێکنەترازانی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یەکجارەکی بۆ دۆخی ئاوارەکانی ناوخۆ.
ئەم تێبینیانە پاڵپشتی کراوە لەلایەن هەریەک لە بەڕێزان : بەڕێز فابیان سالفیولی بڕیاردەری تایبەت بە ڕاستی و دادپەروەری و قەرەبوکردنەوەو دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوە؛ خاتوو مامە فاتیمە سەنگاتە بڕیاردەری تایبەت بە فرۆشتن و بەکارهێنان بۆ سێکس؛ بەڕێز تۆمۆیا ئەبۆکۆتا بڕیاردەری تایبەت بە جۆرەکانی بە کۆیلەکردنی سەردەمیانە، لەنێویشیاندا هۆکار و دەرەنجامەکانی.
..........
خاتوو سیسیلیا خامینێز داماری: پارێزەرێکی مافەکانی مرۆڤی ئەزمونداری تایبەتە بە ئاوارەبوونی بەزۆرەملێ و کۆچکردن، ماوەی سی ساڵ ئەزمونی هەیە لە بواری داکۆکیکردن لەگەڵ ڕیکخراوە ناحکومیەکان. لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٦ دا لەلایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤەوە دەستنیشانکراوە وەک بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافی مرۆڤی کەسانی ئاوارەی ناوخۆ. وەک بڕیاردەری تایبەتیش ئەم خاتوونە بەشێکە لە ڕێکارە تایبەتەکانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ. ڕێکارە تایبەتەکان واتا گەورەترین دەستەی سەربەخۆ لە سیستەمی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان، کە ناوە باوەکەیە بۆ میکانیزمەکانی چاودێریکردن و بنکۆڵکردنی راستیەکان لە ئەنجومەنەکەدا ئەوانەی کە مامەڵەدەکەن لەگەڵ بارودۆخی ووڵاتێکی دیاریکراو یان پرسێک لە پرسەکانی مافەکانی مرۆڤ لە هەموو جیهاندا. بڕیاردەری تایبەت لەسەر بنەمای خۆبەخشی کاردەکەن، ئەوان کارمەندی نەتەوەیەکگرتوەکان نین وە هیچ جۆرێک لە موچە وەرناگرن بەرامبەر ئەم کارەیان وە بەتەوای سەربەخۆن و سەر بەهێچ ڕێکخراوو حکومەتێک نین و بەتوانای خۆیانەوە کاردەکەن.